لەگەڵ زۆربوونی ژمارەی ئەو کەسانەی بەدەست کێشی زیادەی جەستەیان دەناڵێنن، ژمارەی ئەو سیستمە خۆراکیانەش زیاددەکات کە دەبنە هۆی دابەزینی کێش یەکێک لەوانەش رێجیمی پرتەقاڵە.
ماوەیەکە رێجیمی پرتەقاڵ بووەتە ترێند بەلای ئەو کەسانەی کە کێشی زیادەی جەستە یان چەوری ورگیان هەیە.
رێجیمەکە بە شێوەیەکە، ئەو کەسەی دەیەوێت پەیڕەوی بکات بۆ ماوەی هەفتەیەک بۆ 10 رۆژ جگە لە خواردنی پرتەقاڵ و خواردنەوەی شەربەتی پرتەقاڵی فرێش هیچ بەرهەمێکی دیکەی خۆراکی دیکە بەکارناهێنێت، بەمەش کێشی دادەبەزێت.
شارەزایانی بواری خۆراکی دەڵێن، “پرتەقاڵ دەوڵەمەندە بە ڤیتامین سی و ریشاڵەکان و بەهای خۆراکی زۆرە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەتەنها پێداویستی جەستە لە کانزا و ڤیتامینەکان پڕناکاتەوە و پێویستە هەموو کەسێک لەگەڵیدا خواردنی دیکەش بخوات.
هەر بە وتەی ئەوان، “کاتێک کەسێک رێجیمی پرتەقاڵ دەکات کێشی دادەبەزێت، چونکە پرتەقاڵ بڕی کالۆری زۆر کەم تێدایە، بەڵام لەلایەکی دیکەوە دەبێتە هۆی زیادبوونی ترشەڵۆکی گەدە و کەمبوونەوەی کانزا و ڤیتامینەکانی دیکە لە جەستەدا.
هاوکات، رێجیمی پرتەقاڵ دەکرێت لە مەودایەکی کورتدا سوودی هەبێت، بەڵام لە مەودایەکی درێژدا نەک سوودی نابێت بەڵكو مەترسیداریشە.