وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی سوودمەندانی خانەکانی بێسەرپەرشتان و بەساڵاچووان و چاکسازییەکان قەدەغەدەکات.
بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی کە ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاکسازیی کۆمەڵایەتیی کراوە، تێیدا هاتووە، بە هیچ جۆرێک رێگانادرێت کەیسی سزادراوانی چاکسازییەکان، سوودمەندانی خانەکانی منداڵان و خانەی بەساڵاچووان چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا بکرێت و وێنە و ڤیدیۆیان بڵاوبکرێتەوە.
هەر لە نووسراوەکەدا هاتووە، رێگا بە هیچ هونەرمەند و رۆژنامەنووس و کەسایەتی سۆشیال میدیا نادرێت بە مەبەستی ریکلام و بانگەشەی کەسی لەناو خانەکان وێنە و ڤیدیۆ بگرێت و بڵاویبکاتەوە.
سەبارەت بە ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لەگەڵ سوودمەندانی خانەی بەساڵاچووان لە نووسراوەکەی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییدا هاتووە، پێویستە بە نووسراو و بە واژوو رەزامەندی بەساڵاچووەکە بێت.