بافڵ جەلال تاڵەبانی: گۆڕانكاریی ریشەیی لە پڕۆسەی حكومڕانی پێویستییەكی گرنگی قۆناغەكەیە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان پێشوازیی لە ماكسیم رۆبین، كونسوڵی گشتیی روسیا لە هەرێمی كوردستان كرد.

لەدیدارێكدا پەرەپێدانی پەیوەندییەكان و فراوانكردنی هەماهەنگییەكان لەچوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكان و سەقامگیریی ناوچەكە جەختیلێكرایەوە.

لە درێژەی دیدارەكەدا دوایین رووداو و پێشهاتە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت دۆخی سوریا گفتوگۆیان لەبارەوەكرا، هەردوولا گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنیان وەك بنەمای چارەسەری كێشەكان و پاراستنی مافی هەموو نەتەوە و پێكهاتەكانیان لەچوارچێوەی وڵاتێكی سەقامگیردا دووپاتكردەوە.

سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە سیاسەتی نیشتمانییانەی یەكێتی بۆ كۆی پرسەكان كرد و رایگەیاند، چارەسەری ئاشتییانەی كێشەكان و گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ سیاسەتی كاركردنی ئێمەیە، هەر هەوڵێكیش لەچوارچێوەی پاراستنی مافەكانی گەلی كورد و سەقامگیریی ناوچەكە بدرێت پشتیوانیی لێدەكەین، دۆخی ئەمڕۆی سوریاش پێویستی بە لێكتێگەیشتن و هاوبەشیی راستەقینە هەیە، هیوادارین هەموولایەك بەم رۆحییەتەوە هەوڵ بۆ داهاتووی وڵاتەكە و ژیانی خەڵكەكەی بدەن.

پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان تەوەرێكیتری دیدارەكە بوو و لەوبارەیەوە سەرۆك بافڵ روونیكردەوە، گۆڕانكاریی ریشەیی لە پڕۆسەی حكومڕانی پێویستییەكی گرنگی قۆناغەكەیە و پێویستە حكومەتی داهاتوو خزمەتگوزارییەكانی بەشێوەیەكی دادپەروەرانە پێشكەشبكات و ئامانجەكەی بەهێزتركردن و ئاوەدانكردنەوەی كوردستان بێت نەك جیاكاری و قۆرخكردنی دەسەڵات لەپێناو بەرژەوەندییە حزبییەكاندا.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share