گەشتێكی وەزیری دارایی گەیشتنی 200 ملیارەكەی خستە هەفتەی داهاتوو

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغداد دڵنیایی دەدات لە ناردنی 200 ملیار دیناری مانگانە لەلایەن بەغدادەوە و دەڵێت، “سەرەتای هەفتەی داهاتوو ئەو بڕە پارەیە دەگاتە هەرێمی کوردستان”.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، فارس عیسا نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغداد وتی، “ناردنی 200 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت، بۆ ئەم مانگەش بڕیاری لێدراوە و دەنێردرێت، تەنها ڕۆتیناتەکانی ماون”.

ئاشکرایکرد، “ئەو پارەیە دەبووایە لەم هەفتەیەدا بگاتە هەرێمی کوردستان بەڵام بەهۆی گه‌شتی وەزیری دارایی بۆ دەرەوەی عێراق، ناردنى پاره‌كه‌ دەکەوێتە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، ئه‌وكات بەدڵنیایی ڕەوانە دەکرێت”.

فارس عیسا جەختیکردەوە، ناردنی ئەو بڕە پارەیە مانگانە لەلایەن بەغدادەوە تا کۆتایی ئەمساڵ و سەرەتای ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبێت، ئەمە بەپێی ڕێککەوتن ڕەزامەندی لەسەر دراوە و هەموو مانگێک ڕەوانە دەکرێت.

مانگی ڕابردووتر حکومەتی عێراق بڕیاریدا بە ناردنی 200 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێمی کوردستان بەشێوەی سلفه‌، بەمەرجێک ئەو بڕە پارەیە بۆ موچەی موچەخۆران خەرجبکرێت، لەهەمانکاتدا حکومەتی هەرێم  مانگی ڕابردوو موچەی بەبێ لێبڕین دابەشکرد.

دوێنێ سێشەممە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستپێکردنی دابەشکردنی موچەی مانگی ئابی فەرمانبەرانی بەبێ لێبڕین ڕاگەیاند و یەکەم وەزارەتیش ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی ئاب وەزارەتی تەندروستی بوو کە موچه‌یان وه‌رگرت.

بڕیاریشە سبەینێ موچه‌ی مانگی ئابی دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیواكان بەبێ لێبڕێن دابەش دەكرێت، وەك ئەوەی وەزارەتی دارایی ئاشكرایكردووە.

بابەتی پێشتر

ڕێگاچارەیەک لەبارەی قەیرانی بەنزین دەخرێتەڕوو

بابەتی دواتر

دهۆک.. لەسەر کێشەی میرات برایەک خوشکەکەی کوشت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

خۆپیشاندان دەستپێدەکاتەوە

سبەینێ مامۆستایان و مووچەخۆران لە 13 شوێنی هەرێمی کوردستان، بۆ داواکردنی مووچەکانیان دەست بە خۆپیشاندان دەکەنەوە. عادل حەسەن،…
Total
0
Share