وەزارەتی دارایی لەسەر بڕەپارەیەک روونکردنەوە دەدات و دەڵێت “گواستنەوەیە نەک پارەدارکردن”.
بەڕێوبەرایەتیی گشتیی بودجەی وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، لەمیانەی چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق وەک پیشەی هەمیشەیی بەناو کەوتووە و ماوەیەکە ئیشی خۆی لەبیرکردووە و هەرجارەی قسە لەسەر چەند بابەتێکی ژمێریاری و دارایی دەکات بەبێ ئەوەی هیچ پسپۆڕییەکی لەبوارەکەدا هەبێت.
دەشڵێت، لەو چاوپێکەوتنەدا ئاماژە بەنووسراوێک دەکات کە لە فەرمانگەی بودجە لە وەزارەتی دارایی عێراق دەرچووە و تیایدا هاتووە بە گواستنەوەی گوژمەی تەرخانکراو ( المناقلە ) بەبڕی نۆ ملیار و 90 ملیۆن و 765 هەزار دینار لە نێوان ( موازنة الأبواب ) ( 40/9/5 ) لە فەرمانگەی بودجە بۆ فەرمانگەی ژمێرکاریی تایبەت بە هەڵمەتی کوتان لەسەرتاسەری عێراق.
وەزارەتی دارایی دەڵێت، “وەک وەڵامێک بۆ چەواشەکارییە بەردەوامەکانی سۆران عومەر و لەپێناو بەلاڕێدانەبردنی ڕای گشتی بەپێویستمان زانی ئەم ڕاستیانە بخەینەڕوو”:
1. ئەو بڕە پارەیەی سەرەوە تەرخان کراوە بۆ سەرجەم پارێزگاکانی عێراق نەک تەنها هەرێمی کوردستان.
2. پشکی هەرێمی کوردستان لەو هەڵمەتە بریتییە لە یەک ملیار و 78 ملیۆن و 294 هەزار دینار، کە لە سێ بڕگەدا خۆی دەبینێتەوە لەوانە ( پاداشتی تیمەکان و کرێی هاتوچۆ و خەرجیی هاتوچۆ )، لەو رووەشەوە ئێمە بە نووسراوی ژمارە ( 7066 ) لە بەرواری 24ی تشرینی دووەمی 2024 ئاڕاستەی وەزارەتی تەندروستیمان کردووە و کاری خۆمان ئەنجامداوە و چاوەڕێی تەواوکردنی رێکارەکانی تەمویل کردنین.
3. وەک راستکردنەوەیەک بۆ روونکردنەوەی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، ئەو بڕە پارەیە تەنها بڕیاری گواستنەوە ( المناقلە ) دراوە، تا پارەکە تەمویل نەکرێت بۆ سەر هەژماری بانکیمان ناتوانرێت هیچ رێکارێکی خەرجکردنی بۆ ئەنجامبدرێت.
لە نووسراوەکەی وەزارەتی داراییدا هاتووە، “بۆ بەئاگا هێنانەوەی سۆران عومەر، تکایە بەدیقەت نووسراوەکە بخوێنەرەوە ئەوە بڕیاری مناقەلەیە نەک تەمویل) و هەموو ئەو کەسانەی بەبێ زانیاری قسە لەسەر بابەتی دارایی و ژمێریاری دەکەن، تەرخانکردن جیاوازە لە تەمویل کردن، هێشتا یەک دیناری ئەو پارەیەی تەرخانکراوە لەلایەن فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی عێراقەوە نەخراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان.