بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و رەیان كلدانی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی بابلیون لە ماڵی مام لە بەغدا كۆبوونەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا مووچەی فەرمانبەران و شایستەداراییەكانی هەرێمی كوردستان، دۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە گفتوگۆیان لەبارەوەكرا و جەخت لە چارەسەركردنی كێشەكان و دوورخستنەوەی وڵات لە ململانێكان كرایەوە.
سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە هەوڵەكانی یەكێتی كرد بۆ چارەسەركردنی پرسی مووچەی فەرمانبەران و رایگەیاند، “هەوڵی ئێمە بۆ پاراستنی ژیانی خەڵك و مافەكانیان بووە، پێویستە قووتی خەڵك لە ململانێ سیاسییەكان دووربخرێتەوە و مافەكانیان پارێزراوبێت، بۆ ئەمەش داوای پابەندیمان لەهەموولایەك كردووە و پێویستە چارەسەرێكی هەمیشەیی بۆ ئەم پرسە بدۆزرێتەوە”.
دۆخی ناوچەكە و گۆڕانكارییەكانی سووریا تەوەرێكیتری كۆبوونەوەكە بوون و لەوبارەیەوە هەردوولا جەختیان لە پاراستنی مافەكانی سەرجەم پێكهاتەكانی سوریا كردەوە لەچوارچێوەی وڵاتێكی سەقامگیر و دادپەروەردا.
لەدرێژەی كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بافڵ داوایكرد، هەموولایەنەكان بە یەكدەنگی و گوتارێكی نیشتمانییەوە رووبەڕووی مەترسییەكان ببنەوە و هەوڵ بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی وڵات بدەن تاوەكو خاكەكەمان نەبێتە جێگەیەك بۆ یەكلاكردنەوەی ململانێ هەرێمییەكان.