رێبوار تەها مستەفا پارێزگاری كەركوك رایدەگەیەنێت،، رەزامەندیی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی عێراقی وەرگرتووە بۆ ئەوەی خوێندكارانی زانكۆی كەركوك و زانكۆی تەكنیكیی باكوور تاقیكردنەوە بە زمانی كوردی ئەنجامبدەن.
بەپێی راگەیەندراوێكی ئیدارەی پارێزگای كەركوك كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووەو تێیدا هاتووە، رێبوار تەها پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ دكتۆر نەعیم عەبودی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەنجامدا و رەزامەندی راستەوخۆی ناوبراوی بۆ خوێندكارانی زانكۆی كەركوك و زانكۆی تەكنیكی باكوور وەرگرت بۆ ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكانیان بە زمانی كوردی بۆ ئەوانەی ئارەزووی دەكەن، بەمەبەستی دەستەبەركردنی سەركەوتنی پڕۆسەی پەروەردەیی.
هاوكات د. ئەحمەد كەركوكی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەڵێت، “لە دوای ئاگاداركردنەوەمان لەلایەن د. ئازاد لە هاتنی نووسراوێك لە وەزارەتی خوێندنی باڵا لەگەڵ پارێزگاری كەركوك و پەروین فاتیح سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و سەرجەم ئەندامانی فراكسیۆنەكەمان لە ئەنجومەنی پارێزگا لەسەر هێڵ بووین لەگەڵ د. خالید شوانی وەزیری دادی عێراق، ئەویش پەیوەندی كرد بە وەزیری خوێندنی باڵای عێراقەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكەو بڕیاریشدرا ڕۆژێكی دیكە بۆ تاقیكردنەوەكەی ئەمڕۆ دەستنیشان بكرێت.