هۆکاری راگرتنی گواستنەوەی دارایی بۆ بریکارەکانی تیک تۆک لە عێراق ئاشکرادەکرێت

شارەزایەکی ئابووری هۆکاری راگرتنی گواستنەوەی دارایی بۆ بریکارەکانی تیک تۆک لە عێراق ئاشکرادەکات و جەختدەکاتەوە ئەمە بە مەبەستی گەڕاندنەوەی متمانەیە بە عێراق.

نەوار سەعدی شارەزایەکی ئابووری عێراقە لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، بڕیارەکەی بانکی ناوەندی عێراق بۆ راگرتنی گواستنەوەی دارایی بۆ بریکارەکانی تیک تۆک لە عێراق، بەهۆی ئەو مەترسییە دارایی و ئابووریانەوەیە کە گواستنەوەی پارەی ئەو تۆڕە دروستیکردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەم ماوانەی دواییدا بانکی ناوەندی هەوڵەکانی بۆ رێگریکردن لە سپیکردنەوەی پارە و هەناردنی پارە بۆ گروپە تیرۆرستییەکان بەرەنگاربوونەوەی هەر چالاکییەکی دارایی نایاسایی چڕکردووەتەوە، راگرتنی گواستنەوەی دارایی تیک تۆکیش لەو چوارچێوەیەدایە.

وتیشی، راستە ئەم هەنگاوە خزمەت بە ئاسایشی دارایی عێراق دەکات، بەڵام کاریگەری خراپی لەسەر بازرگانیی ئەلیکترۆنی و بازرگانی دیجیتاڵی دەبێت بە تایبەت کە زۆرینەی بەشداربووانی لە توێژی گەنجانن، پێویستە حکومەت پلانی جێگرەوە یاخود قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی هەبێت.

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی یەکشەممە بانکی ناوەندیی عێراق بڕیارێکی دەرکردووە بۆ سەرجەم بانکە مۆڵەتپێدراوەکان و دامەزراوە داراییە مۆڵەتپێدراوەکان، بە راگرتنی گواستنەوەی دارایی داهات و خەرجی، بۆ بریکارەکانی تیک تۆک لە ناوخۆی عێراق بە هاتوو و رۆیشتوو.

بابەتی پێشتر

لەبارەی مووچەی سێ مانگی هەرێمەوە پێشنیازێک لەبەردەم وەزارەتی دارایی عێراقە

بابەتی دواتر

سعودیە یەکەم خواردنەوەی گازی لە خورما دروستدەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share