لە مانگی داهاتوودا فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژ بە دروشمی “لەپێناو شکۆی وشەدا، گەلاوێژ بەردەوام دەبێت” ئەنجامدەدرێت و سەرۆکی بنکەی گەلاوێژیش دەڵێت، ئەمساڵ فێستیڤاڵەکە جیاواز دەبێت و خەڵاتی تایبەت بەسەر یەکەمەکاندا دابەشدەکرێت.
ئیبتیسام ئیسماعیل سەرۆکی بنکەی گەلاوێژ بە تۆڕی میدیایی ئێستای رایگەیاند، ئامادەکاریەکانیان بۆ بەڕێوەچوونی ڤیستیڤاڵەکە بەردەوامە و بڕیارە سێ رۆژ بخایەنێت لە رۆژانی 5 و 6 و 7ـی مانگی 12 دا.
هاوکات، ووتیشی بۆ ئەمساڵ فێستیڤاڵەکە تایبەت دەبێت، چونکە جگە لە بانگهێشتکردنی چەندین میوان و کەسایەتی نێودەوڵەتی، هاوکات کۆمەڵێک چالاکی تایبەت و بڕگەی گرنگ لە فێستیڤاڵەکەدا بوونی دەبێت، وەک پێشانگای کاری دەستی تایبەت بە ژنان و بابەتی دیکەی فەرهەنگی.
ئاماژەی بەوەشدا، بۆ ئەمساڵ لە ڤیستیڤاڵەکەدا خەڵاتی تایبەت بەسەر براوەی یەکەمی پێشبرکێکان دابەشدەکرێت.