کەشناسیی هەرێم پێشبینیدەکات شەپۆلێکی باران و بەفربارین هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت لە ئێوارەدا دەگۆرێت بۆ نیمچەهەور، لە شەودا کاریگەریی شەپۆلێکی بارانبارین لەگەڵ کاریگەریی بارستە هەوایەکی ساردی جەمسەری روو لە ناوچەکەمان دەکات، ئەمشەو بارانبارین لە ناوچە جیاجیاکان دەستپێدەکات بەشێوەی نمەباران، لەگەڵ نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما، سەرەتا لەدرەنگانی شەودا بەفربارین لەسەر ناوچە سنوورییەکان دەستپێدەکات .
لەبارەی کەشوهەوای سبەینێوە بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، سبەینێ دووشەممە، کاریگەریی شەپۆلی بارانبارین زیاتردەبێت لە ئەنجامی زیادبوونی کاریگەریی بارستە هەوایەکی ساردی جەمسەری، پلەی گەرمی زیاتر روو لەنزمبوونەوە دەکات، شەپۆلێکی بەفربارین سەرجەم ناوچە سنوورییەکان و ناوچە شاخاوییەکان دەگرێتەوە بەتایبەت ئەو ناوچە شاخاوییانەی بەرزییان لە دوو هەزار و 500مەتر زیاترە بەفردەبارێت.
کەشناسیی هەرێم دەشڵێت، لەهەندێک کات نمە باران و بارانی مامناوەند لەسەرجەم ناوچە جیاجیاکان دەبارێت، لەگەڵ کاریگەریی ئەم کەشە ناسەقامگیرە پێشبینیی زیادبوونی خێرایی با لەهەندێک کاتدا دەگاتە سەرووی (25)کم لەکاتژمێرێکدا.
باس لەوەشدەکات، سبەینێ پلەی گەرمی بە (2-5) پلە نزمدەبێتەوە ، بەڵام لەناوچە شاخاوییەکان بەراورد بە تۆمارکراوەکانى ئەمڕۆ زیاتر دادەبەزێت.