رزگار حاجی حەمە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، یەکێتی ئامادەی ئەنجامدانی کۆبوونەوە و دانوستانە لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان بەمەبەستی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.
رزگار حاجی حەمە بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “ئێمە وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئامادەکاریی خۆمان بۆ دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەت کردووە، پێشتر کۆبووینەتەوە و ئەندامانی وەفدی دانوستانکار دیاریکراون”.
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ دەستکردن بە دانوستانەکان چاوەڕێی پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنین لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، لەدوای ئەوە دەست بە سەردانی و کۆبوونەوەکانمان دەکەین”.
وتیشی، “تا ئێستا هیچ وادەیەک بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی دیموکرات دیارینەکراوە، بە دڵنیاییەوە ئەویش دەکەوێتە دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکان”.