بافڵ جەلال تاڵەبانی: بە رۆحییەتی یەكێتییانە بەگژ نادادی و نایەكسانیدا دەچینەوە

سەرۆكی یەكێتی رایدەگەیەنێت، بە رۆحییەتی یەكێتییانەوە بەگژ نادادی و نایەكسانیدا دەچینەوە و ئەو بەڵێنەی بە خەڵكمان داوە، پارێزگاریی لێدەكەین.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێكدا بەبۆنەی رۆژی شەهیدی یەكێتی رایگەیاند، ئەمڕۆ بە شانازی و وەفاداریی هەمیشەییمانەوە یادی شەهیدانمان دەكەینەوە و رۆژی شەهیدی یەكێتی بەرز رادەگرین. سڵاو و خۆشەویستیی زۆرمان بۆ كەسوكارە سەربەرزەكانیان دەنێرین و لەبەرامبەر دڵسۆزی و خۆڕاگرییاندا سەری رێز دادەنەوێنین.

بافڵ جەلال تاڵەبانی وتیشی، “ئەمڕۆ بۆ ئێمە یادكردنەوەی مێژووی پڕ لە سەروەری و تێكۆشانی حزبەكەمانە لەپێناو ئازادی و سەرفرازیی گەلەكەمان، یادكردنەوەی هەموو ئەو قارەمانانەیە كە خوێنی خۆیان پێشكەشی خاكی كوردستان كرد و بە ژیانی خۆیان ئەم ئەزموونەیان هێنایە كایەوە”.

دووپاتیشیدەكاتەوە، بۆیە كاتێك بیر لەو رابردووە پرشنگدارەمان دەكەینەوە، سوورترمان دەكات تاوەكو لە داهاتووشدا بە هەمان رۆحییەتی یەكێتییانەوە بەگژ نادادی و نایەكسانیدا بچینەوە و ئەو بەڵێنەی بە خەڵكمان داوە، پارێزگاریی لێبكەین و هەنگاو بۆ داهاتوویەكی سەقامگیرتر و شەرەفمەندانەتر بنێین، بەمەش رۆحی شەهیدانمان شاد دەكەین و كوردستان بەرەو قۆناغێك ئاڕاستە دەكەین كە شایستەی ئەو رووبارە خوێنەی رۆڵەكانمان بێت.

سەرۆكی یەكێتی لە كۆتایی پەیامەكەشیدا دەڵێت، دروود بۆ رۆحی شەهیدانی یەكێتی و سەرجەم شەهیدانی رێگەی ئازادی و سەرفرازیی كوردستان و سەربەرزی بۆ كەسوكارە تێكۆشەرەكانیان.

رۆژی 11/21ی هەموو ساڵێك وەك رۆژی شەهیدانی یەكێتی تۆماركراوە.

یەكێتی رۆژی لەسێدارەدانی (شیهاب شێخ نوری، ئەنوەر زۆراب و جەعفەر عەبدولواحید)ی كردۆتە رۆژی شەهیدان و دەڵێت، ئەم سێ سەركردەیە بە دروشمی (كەم ژیان و كەڵ ژیان) چوونە بەردەم پەتی سێدارە.

بابەتی پێشتر

سبەینێ کەشوهەوا چۆن دەبێت؟

بابەتی دواتر

کەسێک بە تۆمەتی راوکردنی کەڵە کێوییەک دەستگیرکرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share