د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، یەکێک لە دەرەنجامە گرنگەکانی سەرژمێری گشتی لە عێراق ئەوەیە کە بۆ ئایندە دەکرێتە بنەمای بەرنامە و پلاندانانی حکومەت لە بوارەکانی گەشەپێدانی ئابوری، کۆمەلایەتی، چارەسەرکردنی کێشەکانی هەژاری، بێکاری.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی باسی لەوەشکردووە، خەرجکردنی داهاتی گشتی بۆ خزمەتگوزارییە گشتییەکانی بواری تەندروستی، خوێندن، ئاو، کارەبا، رێگاوبان، بریتییە لە ژمارەی دانیشتووان و پێکهاتەی دیمۆگرافییان لەرووی رەگەز، تەمەن، ئاستی خوێندن، و شوێنی نیشتەجێبوونیان، هەر بۆیە جارێکی دیکە بابەتی سەرژمێری رۆڵی خۆی دەگێڕێت لەو بوارەشدا.
ئاماژەی بەوەشداوە، پشتبەست بە بڕگەی سێهەم لە مادەی 121ی دەستور دەبێت لە داهاتە فیدراڵییەکان پشکێکی دادپەروەرانە تەرخانبکرێت بۆ هەرێم و پارێزگاکان، بە لەبەرچاوگرتنی دەرامەت و پێداویستی و رێژەی دانیشتووانیان کە بەشی جێبەجێکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتیەکانیان بکات.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئاشکرایە لە عێراق 27 ساڵ و لە هەرێم 37 ساڵە سەرژمێریی گشتی نەکراوە، هەربۆیە لە 18 ساڵی رابردوو حکومەتی فیدڕاڵ لەسەر بنەمای خەمڵاندن بۆ ژمارەی دانیشتووان و رێژەی گەشەکردنیان پلان و بەرنامەی کارەکانی خۆی ئاڕاستەکردووە، و لەم نێوەندەشدا پشکی هەرێم و پارێزگاکانی لە یاسای بودجەی گشتی، بودجەی پەرەپێدانی هەرێمەکان، قەرز و بەخششە نێودەوڵەتییەکان دیاریکردووە، دەرەنجام وێڕای بەدینەهاتنی ئامانجەکانی گەشەپێدان وەک خۆی، زۆر کات نادادپەروەری لەم دابەشکارییە بووەتە مایەی قوڵبوونەوەی کێشەکان و فراوانبوونی جیاوازییەکان، درووستبوونی گازندە و ناڕەزایەتی هاوڵاتییان تا سەرهەڵدانی خۆپیشاندانی جەماوەری و روودانی پشێوی و ناسەقامگیری سیاسی و ئەمنی.
دەشڵێت، “هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی فیدڕاڵی دانپێدانراو لە مادەی 117ی دەستور ، بەپێی چەندین مادەی دەستوری مافی هەیە لە داهات و سامانەکانی عێراق، لە یاساکانی بودجەی فیدڕاڵی هەر لە یەکەم یاسای بودجە لەدوای روخانی رژێم لە ساڵی 2006 و بەدواوە پشکی هەرێم لە خەرجی گشتی و قەرزە دەرەکییەکان و تەرخانکراوی پەرەپێدانی هەرێمەکان لەناو ئەو یاسایانە جێگیرکراوە، بەڵام هاوشێوەی پشکی پارێزگاکانی تری عێراق لەسەر بنەمای خەمڵاندن بۆ ژمارەی دانیشتووانی هەرێم بڕیار لەو پشک و شایستانە دراوە”.
روونیشیکردووەتەوە، لەو کاتەوە تاوەکو ساڵی 2017 پشتبەست بە خەمڵاندنی رێژەی دانیشتووانی هەرێم لە کۆی دانیشتووانی عێراق و بەپێی رێکەوتنی سیاسی لە دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و بە کاریگەری رۆڵ و پێگەی سەرۆک مام جەلال لە سەرەتاوە پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی فیدڕاڵ بە رێژەی 17% دەستنیشانکراوە و بەیاسا چەسپێنراوە، بەهەمان رێژەش مافی هەرێم لە بودجەی تەواوکاری، قەرزی نێودەوڵەتی، و پەرەپێدانی پارێزگاکان دیاریکراوە، ئەگەرچی بەهۆی سەرهەڵدانی کێشە لەنێوان هەرێم و بەغدا لەسەر دۆسیەی نەوت لە ساڵی 2014وە بەغدا ناردنی ئەو پشکەی هەرێمی لە بودجەی فیدڕاڵی راگرت و شایستەکانی هەرێم لە چەند بڕگەیەکی کەمی خەرجی حاکیمەدا سنووردارکرا، ئەمە وێڕای ئەوەی لەساڵی 2015وە توانای خەرجکردنی کرداری (الانفاق الفعلي) حکومەتی فیدڕاڵ کرایە قەید و بەربەستێک لەسەر خەرجکردنی تەواویی پشکی تەرخانکراوی هەرێم لە بودجەی فیدڕاڵی.
نەرمین مەعروف راشیگەیاند، لە یاسای بودجەی ساڵی 2018وە تا ساڵی 2023 کە یاسای بودجەی سێ ساڵەی تێدا دەرچووە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ پشکی هەرێم و تەواویی شایستەکانی لە بودجەی گشتی کەمکردووەتەوە بۆ 12.67% ئەمە وێڕای ئەوەی ئەو رێژەیە تەنها لە خشتەی خەرجییەکاندا ئاماژەی پێدراوە و لە هیچ دەقێکی یاسای بودجەی ئەو سالانە بەروونی ئەو رێژەیە نەنووسراوە.
ئەمدامەکەی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەشداوە، لە یاسای بودجەی ساڵی 2009 بۆ یەکەم جار باس لەوەکراوە کە دەبێت پشکی هەرێم لە بودجەی ساڵی 2009 بەدواوە پێداچوونەوەی بۆ بکرێت و جیاوازی سالانی پێشتریش پاکتاوبکرێت بەپێی ئەنجامی سەرژمێری گشتی دانیشتووان کە دەبوایە لەو ساڵە بەڕێوەبچێت. دواتریش لە یاسای بودجەی ساڵی 2018، 2019،2021 دیاریکردنی پشکی هەرێم لە کۆی خەرجی کرداری (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان) پەیوەستکردووە بە نفوسی پارێزگاکانی هەرێم.
ئەوەش وەبیردەهێنێتەوە، لە یاسای بودجەی سێ ساڵەش وێڕای ئەوەی وەزارەتی پلاندانان رێژەی دانیشتووانی هەرێمی بە 14% خەمڵاندبوو بەڵام پشکی هەرێم هەر بە 12.67% دیاریکرایەوە، جگە لەوەش پشکی هەرێم لە بودجەی پەرەپێدانی هەرێمەکان بە 11% دیاریکرا بە بیانووی ئەوەی رێژەی هەژاری لە هەرێم کەمترە بەراورد بە پارێزگاکانی دیکەی عێراق.
نەرمین مەعروف، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم گۆرانکارییانەی لە 18 ساڵی رابردوودا بەسەر پشک و شایستەکانی هەرێمی کوردستاندا هاتووە لە یاساکانی بودجەی فیدڕاڵ دەگێڕێتەوە بۆ نەبوونی داتا و زانیاری راست و درووست دەربارەی ژمارەی دانیشتووان، و پەنابردنە بەر مەزەندەکردن و خەمڵاندن بۆ دابەشکردن و خەرجکردنی داهاتە گشتییەکان.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەیدا دەشڵێت، “ئەنجامەکانی سەرژمێریی گشتی کە لە رۆژانی 20و 21ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت چارەنووسازە بۆ ئایندەی مافە دارایی و ئابورییەکانی هەرێم و پارێزگاکان، پێویستە هەموو هاوڵاتییان لە شار و زێدی خۆیانبن لەو دوو رۆژەدا، و بەشداربن لە تۆمارکردنی زانیارییەکانیان بە راستی و دروستی لەپێناو پاراستنی مافی خۆیان و نەوەکانیان و شارەکانیان.