مەڵبەندی سێی هەولێری یەکێتی: لیژنەیەک بۆ ئەو تۆمەتانە پێکبهێندرێت کە ئاراستەی نێچیروان هەرکی کراون

مەڵبەندی سێی هەولێری یەکێتی پەیامێکی لەبارەی بڵاوبوونەوەی گرتەڤیدیۆیەک لەژێر ناوی “دانپێدانان”ـی نێچیروان هەرکی، بەرپرسی کۆمیتەی قەزای خەباتی یەکێتی، بڵاوکردەوە.

دەقی پەیامەکەی مەڵبەندی سێی هەولێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان:

سیناریۆکانی دانپێدانان

لە مێژووی نوێی عێراق و کوردستان لە سایەی نەمانی بەها دیموکراتییەکان و زاڵبوونی دەسەڵاتی پۆلیسی و پاشەکشێی دەسەڵاتی یاسایی و دامەرزاوە دادییەکان لە کوردستان، بێ گوێدانە سەرەتاییترین بنەماکانی مافی مرۆڤ و یاساکانی حکومەت و دامەزراوە تایبەتمەندەکان، ئەمڕۆ دەزگای حزبی لەجیاتی تەواوی ئەو دامەزراوانە بڕیار لەسەر تاوانبارکردن و تاوانی داتاشراو بۆ چەندین کەیسی جیاجیا لەم چەند ساڵەی دواییدا دروستدەکرێن، بەمەبەستی چەواشەکردنی رای گشتی، سیناریۆکانی دانپێدانان بۆ چەند چالاکوان و رۆژنامەنووس، تەنانەت کادیر و ئەندامانی خودی حزبەکەی خۆشیان بەدەرنین لەم خەسڵەتە، دەسەڵاتێک نەتوانێت روون و راشکاو بێت، یاسا و رێساکانی بەوپەڕی پابەندبوونی بە بنەماکانی مافی مرۆڤ کە بریتییە لە بەرگریکردن لەخۆ و لە دادگایەکی مەدەنیی سەربەخۆ تۆمەتباران رووبەڕوو بە ئامادەبوونی پارێزەر و لە دادگایەکی بێلایەن و مەدەنی دادگاییبکرێن. هەموو راستییەکان نەشێوێندرێن لەپێناوی شاردنەوەی لەشکرکێشیی تەواوی هێزی حزبی لۆ کۆچپێکردن و ئاوارەکردنی گوندێکی چەندسەد ماڵیی نزیک پایتەخت. سیناریۆی چەواشەکارانە داتاشێت بۆ شاردنەوەی ئەم لەشکرکێشییە. بۆیە لێرەوە ئاگاداری هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین وەک:

1- سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان.

2- سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران.

3- سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی شورای کوردستان.

4- دەستەی مافی مرۆڤ.

5- تەواوی کۆنسوڵخانەکانی هەولێر.

دەکەین، کە لیژنەیەکی بێلایەن بۆ ئەو تۆمەتانە پێکبێت، لە کەشێکی تەواو ئارام، بێ هیچ فشارێک بۆ کەیسی دروستکراوی هەڤاڵ نێچیروان هەرکی، تەواوی ئەو راستییانە بۆ هەموو لایەک ساغبکرێتەوە. ئەگەر نا، بەلای ئێمە ئەم کەیسە کەیسێکی حزبییە، لە چوارچێوەی سیاسەتی حزبی دەستڕۆیشتووی هەولێر دەبینین، نەک راگەیەندراوی حکومەتی هەرێم و دادگا، حکومەتی هەرێمی کوردستان بێبەرییە لەم جۆرە راگەیەندراوانە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share