سودانی: سەرژمێریی دانیشتووان هەنگاوێكی شارستانیی گرنگە

سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەنجامدانی سەرژمێری بە هەنگاوێكی گرنگی شارستانی ناودەبات و داواش لە هاوڵاتییان دەكات پابەندی قەدەغەی هاتوچۆ بن و زانیاریی دروست پێشكەش بكەن.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە پەیامێكدا رایگەیاند، سبەینێ‌ پێكەوە هەنگاوێكی گرنگی گەشەسەندن و شارستانی دەنێین، كە ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتییە و ماوەیەكی زۆرە چاوەڕوان دەكرێت.

وتیشی، بڕیاری ئەنجامدانی سەرژمێرماندا، چونكە باوەڕمان بە توانای دامەزراوە حكومییەكانە و ئەو هەنگاوەش لەپێناو تەواوكردنی كارە لەپێشینەكانی حكومەتە.

“پشتمان بە تازەترین شێواز و نوێترین ئامراز بەستووە بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری بە پرۆسەیەكی ئەلیكترۆنیی ورد، بۆ ئەوەی ئەنجامەكانی لە خزمەتی ئێستا و داهاتووی عێراقیەكاندا بێت” سودانی وای وت.

ئەوەشی خستەڕوو، سەرژمێری تەنها ژمارە نییە و كەڵەكە بكرێت، بەڵكو خاڵی یەكلاكەرەوەیە لەنێوان خەمڵاندن و راستی، ئامرازێكی یەكلاكەرەوەشە بۆ دیاریكردنی بڕیارە گرنگ و كاریگەرەكان لە داهاتوودا.

سەرۆك وەزیرانی عێراق داواشی لە هاوڵاتییان كرد هاوكاریی تیمە راسپێردراوەكان بە ئەنجامدانی سەرژمێری بكەن و، پابەندی قەدەغەی هاتوچۆ بن و زانیاریی دروست پێشكەش بكەن.

بڕیارە سبەی و دووسبەی چوارشەممە و پێنجشەممە بڕگەی دووەمی قۆناغی كۆتایی سەرژمێریی گشتی لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە بەڕێوەبچێت، بۆ ئەوەش قەدەغەی هاتوچۆ پەیڕەو دەكرێت.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

مەشهەدانی: پێویستە تورکیا بەردەوامبێت لە بەردانەوەی ئاو بۆ عێراق

مەحمود مەشهەدانی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جەختی لە بەردەوامیی بەردانەوەی ئاو کردەوە لەلایەن تورکیاوە. نووسینگەی راگەیاندنی مەحمود مەشهەدانی…
Total
0
Share