باڵیۆزی بەریتانیا: شەڕی چەكداری لە عێراق سەرهەڵدەدات

باڵیۆزی بەریتانیا دەڵێت، شەڕی چەكداری لە عێراق سەرهەڵدەدات و ئەوەش لایەنەكانی تووڕەكردووە.

دوای ئەوەی ستیفن هیكی، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق ڕایگەیاند، “ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕ و پێكدادانی چەكداری لە پێش یاخود دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی پێشوەختەی عێراق لە ئارادایە، چەند لایەنێكی سیاسی ناڕەزایی دەردەبڕن.”

لەو بارەیەوە، گاتع ڕكابی، سەركردە لە دەوڵەتی یاسا ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی شوبات لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا ڕایگەیاند، “تووڕەیەكی سیاسی هاتووەتە ئاراوە بەرانبەر بە لێدوانەكەی باڵیۆزی بەریتانیا و قسەكانی نابەرپرسیارانە بوون، ئەو قسانە دوورن لە ڕاستییەوە و ئێمە قۆناغی ململانێی ناوخۆییمان تێپەڕاندووە.”

لە لێدوانەكەیدا بۆ ئێستا، سەركردەكەی دەوڵەتی یاسا وتیشی، “پێویستە وەزارەتی دەرەوەی عێراق، باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغداد بانگبكات بۆ ئەوەی ڕوونكردنەوە بدات لەبارەی وتەكانییەوە سەبارەت بە دروستبوونی شەڕی چەكداری، چونكە قسەكانی دوورن لە سروشتی دیپلۆماتیی كاری باڵیۆزەكانەوە.”

دوێنێ چوارشەممە 10ی شوبات، ستیفن هیكی، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق لە دیدارێكی تەلەڤیزیۆنییدا ڕایگەیاند، “پەیوەندیی نێوان ئەمریكا و ئێران هێمنی بەخۆیەوە دەبینێت و هیوادارین ئەوە كاریگەریی ئەرێنی لەسەر عێراق هەبێت.”

وتیشی، “لەگەڵ هاتنی ئیدارەی نوێی ئەمریكادا، چانسێكی گەورە هاتووەتە ئاراوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ ئێراندا بەشێوەیەكی دیپلۆماتی، بەریتانیاش هانی ئەوە دەدات ڕێككەوتنێكی نوێی ئەتۆمی لەنێوان ئێران و خۆرئاوادا بكرێت، ئەوەش پێویستی بە دەستپێشخەریی متمانەبەخشی هەردوولایە.”

هیكی پێیوابوو كە “عێراق چەندین ئاڵنگاری لەبەردەمدایە، بەتایبەت لەڕووی ئابورییەوە، بۆ ناكرێت بێیتە گۆڕەپانێك بۆ یەكلاكردنەوەی ململانێی نێوان ئەمریكا و ئێران، ئەو دەڵێت، “كازمی رۆڵێكی گەورەی هەبوو لە كەمكردنەوەی گرژیی نێوان ئەمریكا و ئێراندا.”

باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق ئاشكراشیكرد، “لەگەڵ چەند لایەنێكی عیراقیدا كۆبووەتەوە لەبارەی ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان گرووپە چەكدارەكانی شیعە و ئەمریكادا، ئاگربەستەكەش بەردەوام دەبێت چونكە زەمینەسازی دەكات بۆ دانوستاندن لەنێوان واشنتن و تاراندا، گرووپە چەكدارەكانیش لە داهاتوودا رۆڵی سیاسییان دەبێت.”

لە درێژەی وتەكانیدا، باڵیۆزی بەریتانیا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق، ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕی چەكداری لە ناوخۆدا دەهێنێتە ئاراوە و وتی، “هەرچەندە ڕەنگە لە واقیعدا ڕودانی ئاسان نەبێت، بەڵام لەڕووی تیۆرییەوە سەرهەڵدانی شەڕی لەو جۆرە لە ئارادایە و دەكرێت پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن یاخود دوای بەڕێوەچوونی، شەڕی ناوخۆ لە عێراقدا هەڵبگیرسێت.”

بڕیاربوو هەڵبژاردنی پەرلەمانیی پێشوەختەی عێراق، لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا ئەنجامبدرێت، وەك ئەوەی مستەفا كازمی سەرۆكوەزیران پێشتر بڕیاری لەبارەوە دابوو، بەڵام كۆتایی مانگی ڕابردوو، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، “هەڵبژاردنی پەرلەمانیی پێشوەختە دواخرا بۆ 10ی مانگی ئۆكتۆبەری داهاتوو.”

دواخستنی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، بەشێك لە لایەنەكانی عێراقی نیگەرانكردووە، بە پێچەوانەشەوە بەشێكی تریان هەر لە سەرەتاوە دژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بوون، كە هۆكارەكەشی وەك چاودێرانی سیاسی باسی دەكەن، دەگەڕێتەوە بۆ ترسی ئەو لایەنانە لە بچووكبوونەوەی پێگەیان و لەدەستدانی ڕێژەیەكی زۆر لە دەنگ و كورسییەكانیان.

بابەتی پێشتر

(ڤیدیۆ) بایرن میونشن بووە پاڵەوانی مۆندیال و شەشەینەی وەرزی چنییەوە

بابەتی دواتر

دابەشكردنی نەوت دەستپێدەكاتەوە و 50 ملیۆن لیتر نەوت دەگاتە کوردستان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
1
Share