قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ئەنجومەنی بازرگانی ئەمریکا-کوردستان کۆبووەوە

جێگری سەرۆك وەزیران لە دیداری ئەنجومەنی بازرگانی ئەمریکا-کوردستان رایگەیاند، ئەرکی ئەم خولەی پەرلەمانە کار لەسەر دانانی دەستوور و هەموارکردن یان پەسەندکردنی ئەو یاسایانە بکات کە هاندەری پەرەپێدانی وەبەرهێنانن.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران ئەمڕۆ پێشوازیکرد لە وەفدێکی ئەنجومەنی بازرگانی ئەمریکا-کوردستان بە سەرۆکایەتی دەیڤد تافوری، سەرۆکی ئەنجومەنەکە و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا گفتوگۆکرا لەبارەی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندیی بازرگانی نێوان ئەمریکا و کوردستان.

لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی، کە خۆی لە دامەزرێنەرانی ئەنجومەنی بازرگانی ئەمریکا-کوردستانە، پشتیوانی خۆی بۆ ئەنجومەنەکە دووپاتکردەوە و هیوای خواست ژمارەی کۆمپانیاکانی ئەندام لە ئەنجومەنەکە زیاترببێت و رایگەیاند، ساڵ لە دوای ساڵ ئەنجومەنەکە گەورەتر دەبێت، ئەوەش ئاماژەیەکی گرنگە بۆ ئەوەی خواستی کۆمپانیاکان و بازرگانانی ئەمریکا بۆ کارکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە زیادبووندایە.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە قۆناغی پاش هەڵبژاردن لە کوردستان کرا. جێگری سەرۆک وەزیران روونیکردەوە، پێویستە بەخێرایی حکومەتی نوێی خزمەتگوزار لە کوردستان پێکبهێنریت کە لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی هاوڵاتییانی کوردستان و دۆستانی هەرێمی کوردستاندا بێت.

ئاماژەی بەوەشدا كە گرنگە هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی دەستور و وتی، “ئەرکی ئەم خولەی پەرلەمانە کار لەسەر دانانی دەستوور و هەموارکردن یان پەسەندکردنی ئەو یاسایانە بکات کە هاندەری پەرەپێدانی وەبەرهێنانن لە کوردستان”.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی ناسەقامگیری ناوچەکە و بەردەوامبوونی هەڕەشەی تیرۆر کرا. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد کە هێشتا داعش هەڕەشەیەکی جدییە بۆسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و لە دواین کردەوەی تیرۆریستیدا رۆژی رابردوو کە چەند کەسێک بەهۆی بۆمبی چێنراوی ئەو گروپە تیرۆریستییەوە شەهیدبوون. وتیشی، “ئەو رووداوە سەلمێنەری ئەو راستییەیە کە دەبێت هاوکاری و هەماهەنگی لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی کوردستان و عێراق لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر زیاتر بکرێت”.

لەلای خۆشیانەوە وەفدی ئەنجومەنی بازرگانی ئەمریکا-کوردستان سوپاسی قوباد تاڵەبانیان کرد کە بەردەوام پشتیوانی ئەنجومەنەکە بووە. روونیشیان کردەوە کە لەسەر ئاستی ناوچەکەدا هەرێمی کوردستان شوێنێکی ئارام و گونجاوە بۆ گەشەسەندنی وەبەرهێنان و بازرگانی و لەم چوارچێوەیەدا خواستی خۆشیان بۆ کارکردنی زیاتر لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.

بابەتی پێشتر

بەهای دۆلار بەرزبووەوە

بابەتی دواتر

ئامادەكاری بۆ کردنەوەى زانکۆیەکى تایبەت بە بوارى پزیشکى لە سلێمانى دەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share