نوێترین زانیاری دەربارەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ساڵی ئایندەدا

تائێستا هیچ هەنگاوێك بۆ دەستپێكردنەوەی بەرزكردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نەنراوە و پەرلەمانتارێكیش بەدووریدەزانێت بەغداد لەم دۆخەدا پشكی بودجەی هەرێم زیادبكات.

ئەندامێكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، بە دووری دەزانێت بۆ ساڵی داهاتوو بەغداد هیچ بڕە پارەیەك بۆ هەرێمی كوردستان تایبەت بە مووچە زیادبكات، بۆیە ئەگەری دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مووچە لە ساڵی داهاتووشدا ئەستەمە.

ئەو پەرلەمانتارە، كە بە مەرجی ئاشكرانەكردنی ناوی قسەی بۆ ئێستا كرد، هۆكاری ئەو تێڕوانینەی خۆی روونكردنەوە و وتی، “تائێستا هەرێم هیچ مانگێك لیستێكی دروست و بێ گرفتی مووچەی فەرمانبەرانی بۆ بەغداد نەناردووە، چۆن بەغداد دەچێتە ژێرباری زیادكردنی بودجەی هەرێم لە ساڵی ئایندەدا”.

ئەمەش لەكاتێكدایە بە درێژایی مانگەكانی رابردووی ئەمساڵ وەزارەتی دارایی عێراق تێبینی و سەرنجی هەبووە بەرامبەر لیستەكانی مووچە كە لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمەوە بۆی رەوانە كراوە و، زۆرجاریش بەهۆی بوونی گرفت تیایاندا بۆ هەرێمی رەوانە كردوونەتەوە.

لە مانگی نیسانی رابردوودا وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم وەزارەت و فەرمانگەكانی ئاگاداركردەوە لیستی مووچەی مانگی ئایار بە پلەبەرزكردنەوەوە ئامادەبكەن، بەڵام دواتر هەر خودی بەرپرسانی وەزارەتەكە بڵاویانكردەوە كە بەرزكردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئامادەكاری و كاری زیاتری پێویستە و ئەو پرسە دەخرێتە ساڵی داهاتووەوە.

هەروەك هۆكارێكی دیكەی ئەو دواخستنە بۆ نەبوونی تەرخانكراو لە بودجەی ئەمساڵی عێراق تایبەت بە بەرزكردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم گەڕێندرایەوە.

لە ساڵی 2016ەوە بەرزكردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم راگیراوە و تائێستا ئاسۆی دووبارە دەستپێكردنەوەی ناڕوونە.

بابەتی پێشتر

پارێزگاری كەركوك: سبەی لە سەرجەم فەرمانگە و ناوەندەكانی خوێندن پشووی رەسمییە

بابەتی دواتر

بەهای دۆلار بەرزبووەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share