ئەتنتیبایۆتیکەکان، ئەو دەرمانانە دەگرێتەوە کە بەمەبەستی چارەسەرکردنی هەوکردنی بەکتریی بەکاردەهێنرێت، لەبەر مەترسییەکان پێویستی بە وریایی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم جۆرە دەرمانەدا رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئەم هەفتەیەی وەک هەفتەی هۆشیاری لەبارەی ئەم دەرمانەوە راگەیاندووە.
لەگەڵ ئەو سوودە زۆرەی دەرمانی ئەنتیبایۆتیکەکان بە بواری پزیشکی و مرۆڤایەتییان کردووە، لە ئێستادا بووەتە یەکێک لە مەترسییەکان لەسەر تەندروستیی هاوڵاتییان، ئەمەش بەهۆی ئەو زێدەڕەویکردنانەی لە بەکارهێنانی ئەم دەرمانە دەکرێن.
بە وتەی شارەزایانی بواری پزیشکی، زیادەڕەویکردن لە بەکارهێنانی ئەنتیبایۆتیکەکان وادەکات وەڵامدانەوەی جەستە بۆ چارەسەرییەکان لاوازبێت و ئەو میکرۆب و بەکتریایانەی لە جەستەدا هەن بەرگریی دژی دەرمانەکە پەیدابکەن.
منداڵان یەکێکی دیکەن لە قوربانیانی بەکارهێنانی دەرمانی دژە بەکتریا بەبێ رەچەتەی پزیشک و بەپێی ئەنجامی توێژینەوەیەک ئەو منداڵانەی تەمەنیان بچووکترە لە دووساڵ و دەرمانی دژەبەکتریایان بۆ بەکارهاتووە مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشی رەبۆ و ئەکزیما و هەستیاریی بە خواردن و نەخۆشی هەستیاری بە گەنم و قەڵەوی و جووڵەی زۆرو سەرنجی کەم لەداهاتوودا زیاتر دەبێت.