وەزارەتی پلاندانان: رێژەی هەژاری لە عێراق دابەزیوە

وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، رێژەی هەژاریی عێراق بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو دابەزیوە.

عەبدولزەهرە هنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، عێراق ساڵانە بە ڕێژەی 2.6% زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی بەخۆیەوە بینیوە، واتە ساڵانە ژمارەی دانیشتووان یەک ملیۆن یان زیاتر لە یەک ملیۆن کەس زیاددەکات “.

ئاماژەی بەوەشکرد، “خەمڵاندنەکان بۆ ژمارەی دانیشتووانی عێراق تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 ، 43 ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە، پێشبینیش دەکرێت ئەم ژمارەیە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2024 لە 44 ملیۆن کەس تێپەڕێنێت”.

باس لەوەش دەکات، “ئاماری کۆتایی و وردی ژمارەی دانیشتووان، لەڕێگەی سەرژمێریی گشتییەوە بەدەستدەهێندرێت کە لە 20 و 21ی ئەم مانگە ئەنجامدەدرێت”.

وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەشڵێت، دانیشتووان لە عێراقدا دابەشبوون بەسەر چەندین گروپی تەمەندا بەو پێیەی منداڵانی تەمەن سفر بۆ 15 ساڵ زیاتر لە 40%ی کۆی دانیشتووان پێکدەهێنن، هاوکات ئەوانەی تەمەنیان لە 16 ساڵەوە تاوەکو 64 ساڵە کە بە چالاکی ئابوری ناودەبرێن، نزیکەی 57 %ی دانیشتووان پێکدەهێنن، لە کاتێکدا بەساڵاچووانی تەمەن 65 ساڵ و سەرووتر تەنها نزیکەی 3% پێکدەهێنن.

لەبارەی رێوشوێنەکانی حکومەت بۆ کەمکردنەوەی هەژاری وتی، “لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، رێوشوێنی گرنگ گیراونەتە بەر بەتایبەتی بۆ تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی کە سەرچاوەی دارایی بۆ خێزانە هەژارەکان دابینکراوە، هەروەها سەبەتەی خۆراکیش لەڕێگەی کارتی بەشەخۆراکەوە دابینکرا، کە یارمەتیدەری هەژاران بوو”.

باسی لەوەشکرد، ئەو رێوشوێنانەی گیراونەتەبەر بەشداربوون لە کەمکردنەوەی ئاستی هەژاری لە عێراقدا، بەو پێیەی رێژەی هەژاری دوو ساڵ پێش ئێستا نزیکەی 23%بوو، بەڵام ئێستا ئەو رێژەیە بۆ نزیکەی 17% دابەزیوە.

 

بابەتی پێشتر

منداڵێک بەهۆی پەلاماردانی سەگی بێلانەوە گیانیلەدەستدا

بابەتی دواتر

عەلی عەلاق: بۆ بەبانكیكردنی مووچە هەماهەنگیمان لەگەڵ هەرێم هەیە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share