ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایدەگەیەنێت، پێویستە حكومەتی عێراق لە ژێر هیچ پاساو و بیانوویەك، مووچەی هەرێمی كوردستان دوانەخات یان لێی ببڕێت و نابێت رێگری لە دابینكردنی شایستەی مووچەخۆرانی هەرێم بكات.
بەپێی راگەیەندراوێكی ئەنجومەنی وەزیران كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە”.
لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەدا، دوا پێشهاتی تایبەت بە پرسی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق لەلایەن دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان خرایەڕوو كە ئاماژەی بە دەرئەنجامی كۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق لە بەغدا كرد.
بڕگەی دووەمی كۆبوونەوە، تایبەت بوو بە گفتوگۆكردن لە بارەی دوا پێشهاتەكانی بارودۆخی دارایی و مووچە و بابەتی ژمارەی وەزیفی فەرمانبەران و هەندێك رێكاری نوێی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ مووچەی مانگی 10ی ساڵی 2024 ، كە لەلایەن ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و ئامانج ڕەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران و عەبدولحەكیم خەسرەو سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون خرایەڕوو.
ئەنجومەنی وەزیران جەختیكردەوە لەسەر ئەوەی پێویستە حكومەتی عێراق لە ژێر هیچ پاساو و بیانوویەك، مووچەی هەرێمی كوردستان دوانەخات یان لێی ببڕێت و رێگری نەكات لە دابینكردنی شایستەی مووچەخۆرانی هەرێم، بەڵكو پێویستە هاوشێوەی مووچەخۆران لە ناوچەكانی دیكەی عێراق، مووچەی هەرێمیش لە كاتی خۆی و بەبێ كەموكوڕی خەرجبكات هەروەك دادگای باڵای فیدڕاڵ بە ڕوونی لە بڕیارەكانیدا داوایكردووە بابەتی مووچە تێكەڵی هیچ ناكۆكییەكی نێوان هەردوو حكومەت نەكرێت، بەو پێیەی شایستەی یاسایی مووچەخۆرانە و دەبێت بە دوور بگیرێت لە هەر ناكۆكیەكی سیاسی.
دەشڵێت، “ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە دوا بڕیاری خۆی، وەزارەتی دارایی عێراقی پابەندكردووە كە بەردەوامبێت لە خەرجكردنی مووچەی هەرێم تاكۆتایی ئەمساڵ و هەروەها وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێم و لە ماوەی ڕابردوودا، سەرجەم كەموكورتی لیستەكانی مووچەیان راستكردووەتەوە و ناردوویانە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق بۆ ئەوانەشی كە تائێستا بایۆمەتریان ئەنجام نەداوە یان ژمارەی وەزیفیی بێ هاوتایان نییە، 20ی ئەم مانگە وەك دوا وادە دەستنیشانكراوە، بۆیە ئەنجومەنی وەزیران داوا لە وەزارەتی دارایی عێراق دەكات كە بە زووترین كات، مووچەی مانگی 10 خەرجبكات و ڕێكاریی جیاكاریی بەرامبەر هەرێمی كوردستان نەگرێتە بەر لە جێبەجێكردنی یاسای بودجە و رێكارە داراییەكان.