قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە کونسوڵی گشتیی ئیمارات لە هەولێر کرد بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی.
لە دیدارەکەدا کە ئەمڕۆ سێشەممە بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی ستایشی هەوڵەکانی ئەحمەد ئەلزاهری، کونسوڵی گشتیی ئیماراتی کرد لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرک و کاری نوێیدا بۆ خواست.
جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە پەیوەندیی باشی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات کرد و پێکەوەش لەبارەی قۆناغی پاش هەڵبژاردن لە کوردستان و بارودۆخی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بیروڕایان گۆڕییەوە.
قوباد تاڵەبانی جەختیکردەوە ئەوان پلان و بەرنامەی تایبەتیان بۆ قۆناغی ئاییندە هەیە و لە هەوڵەکانیشیان بۆ دەستەبەرکردنی کەشێکی سیاسی و تەندروستی حکومڕانی بەردەوامدەبن.
لای خۆشییەوە کونسوڵی گشتیی ئیمارات، جەختی لە پتەوکردنی هەماهەنگیی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە لەسەر بنەمای لێکگەیشتن و دۆستایەتی و بەرژەوەندیی هاوبەش.