بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی لەبارەی تەوتینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، وەفدێکی یەکێتی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق و پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق کۆبووەوە.
پێنجشەممەی رابردووش تیمی یاسایی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ لە بەغداد سکاڵایان لەسەر “هەژماری من” و رێگریکردن لە جێبەجێکردنی تەوتین تۆمارکرد.
بڕیار رەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی لەبارەی سكاڵاكەوە بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، وەك ژمارەیەك لە ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتی سكاڵایان لە دادگای لێكۆڵینەوەی كەرخ تۆماركردووە دژی بەزۆر ناچاركردنی مووچەخۆر بە كردنەوەی ئەژماری بانكی لە “هەژماری من”.
وتیشی، “داوامانكردووە تەوتین بكرێتە جێگرەوەی و جێبەجێ بكرێت”.
هەمان رۆژ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر لەمیانەی دیداریدا لەگەڵ ستیڤ بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لەبارەی پرۆسەی ‘هەژماری من’ەوە رایگەیاند، “ئەم پرسە کۆتاییهاتووە، ئەوەی خەڵک دەیەوێت ئێمە جێبەجێی دەکەین و هەوڵەکانمان لەپێناو ئەواندایە، لەو چوارچێوەیەشدا پاڵپشت بە یاسا کار بە ‘تەوتین’ دەکەین کە لە بەرژەوەندیی مووچەخۆراندایە نەک لایەنێکی دیاریکراو”.