وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند، 804 خوێندکارى کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان لە زانکۆکانى کوردستان وەرگیران.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، وەزارەتەکە لەسەر راسپاردەى د. ئارام مەحمەد، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، رەزامەندى نیشاندراوە لەسەر وەرگرتنى 804 خوێندکاری کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان لە زانکۆکانى هەرێم، کە بۆ یەکەمینجارە وەرگیراوانى ناوچە کوردستانییەکان لەگەڵ زانکۆلاین ناویان بڵاودەکرێتەوە.
دەشڵێت، چەندین ساڵە کارئاسانیى تەواو کراوە بۆ وەرگرتنى خوێندکارانی ناوچە دابڕێندراوەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان، بەتایبەت ئەوانەی لە خوێندنگە کوردییەکان دەخوێنن.
وەزارەتی خوێندنی باڵا باس لەوەش دەکات، جیاواز لە ساڵانى رابردوو، دەرچووانى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان لەگەڵ دەرچووانى هەرێم شوێنى وەرگرتنیان راگەیەندرا و بەهەمان پرۆسە دەتوانن شوێنى وەرگرتنیان لە وێبسایتى رێگەى زانکۆ (regayzanko.com) بدۆزنەوە.