سودانی چی دەوێت؟
گۆڕانكاریی وەزاری لە عێراق دەكرێت

لە هەنگاوێكی سەرنجڕاكێشدا سەرەڕای نزیكبوونەوەی ماوەی ویلایەتەكەی، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق نیازی ئەنجامدانی گۆڕانكاریی وەزاری لە حكومەتەكەیدا راگەیاند، ئەو هەنگاوەی پرسیار لەبارەی هۆكار و پاڵنەرەكەی دەهێنێتە ئاراوە.

راگەیاندنی گۆڕانكارییەكە كە دوێنێ لەمیانەی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بوو، پاش تێپەڕبوونی دوو ساڵ دێت بەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتیی حكومەت لەلایەن سودانی-یەوە، لەو ماوەیەدا كە رێژەی جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەتەكەی گەیشتووەتە 62%، رێژەیەك كە هەندێك بە پێشكەوتنی بەرچاو ناویدەبەن، ئەوانی دیكەش دەڵێن ئاماژەیەكە بۆ پێویستیی زیادكردنی هەوڵەكان بۆ تەواوكردنی ئەودوای ئامانجەكان.

سوهاد شمەری، توێژەری بواری سیاسی دەڵێت، بەپێی وتەكەی سودانی، گۆڕانكارییەكە بەپێی پێوەرەكانی لێهاتوویی و كاركردنە، هەڵوێستێكی سیاسی نییە بەرامبەر فراكسیۆن یان لایەنێكی سیاسی، بەڵكو خواستە بۆ گەیشتن بە توانایەكی زیاتر كاریگەر بۆ وەڵامدانەوەی خواستەكانی قۆناغەكە و پێویستییەكانی هاوڵاتییان.

سایتی ئەلحوڕە لە زاری سەلام زوبەیدی، ئەندامی هاوپەیمانیی نەسڕ رایگەیاند، وەزیرە نوێیەکان دەتوانن ئەو کارانە تەواوبکەن کە وەزیرەکانی پێش خۆیان دەستیان پێکردووە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ماوە کورتەی لە بەردەم حکومەتدا ماوە، ئەمەش پرۆسەیەکە بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی سیاسیی ئێستای عێراق، ئاسان نییە.

باسی لەوەشكرد، دیارترین ئەو وەزارەتانەی چاوەڕوان دەكرێت گۆڕانكارییەكە بیانگرێتەوە ئەو وەزارەتانە نین كە سیادی-ن. ئاماژەی بەوەشدا، ئەو وەزارەتانەی گفتوگۆیان لەسەر كراوە گواستنەوە، پەیوەندییەكان، كشتوكاڵ، سەرچاوە ئاوییەكان و پەروەردەیە.

سایتەكە لە زاری یاسین عەزیز، شرۆڤەكاری سیاسیی كورد دەڵێت، خواست هەیە لەسەر گۆڕینی وەزیری دەرەوە-ش، بەهۆی پێشهاتەكان و هەڵوێستی هەندێك لایەن بەرامبەری، بەتایبەت گروپە چەكدارەكان، بەڵام گۆڕانكارییەكە پەیوەستە بە قبوڵكردنی لایەنی سیاسیی پاڵپشتی وەزیر، كە فشاركاری یەكەمە لەسەر سەرۆك وەزیران لەو هەنگاوەدا.

ئەوەشی وت، هەوڵی سودانی بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاریی وەزاری هەوڵێكی كۆنە و، پێشتر داوایكرد دوای چاودێریكردنی وەزیرانی حكومەتەكەی. ئاماژەشیدا، حكومەتی سودانی لە وەزیرانی سەر بە پارتەكانی پێكهێنەری هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت پێكدێن، ئەمەش واتا ئەنجامدانی هەر جۆرە گۆڕانكارییەك ئاستەمە، بەڵام ئەم ئاستەم بوونە لەنێو لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەوجۆرە نییە.

لەو بارەیەوە زوبەیدی دەڵێت، چوارچێوەی هەماهەنگی بەشێوەیەكی بەرچاو پاڵپشتیی حكومەت دەكات، پێشتر چوارچێوە ئەو بابەتەی لە كۆبوونەوەكانیدا خستووەتەڕوو و سەرجەم سەركردەكان پاڵپشتیی خۆیان بۆ سودانی دەربڕیوە ئەگەر گۆڕانكارییەكە لەپێناو چاككردنی سیستم و دامەزراوە حكومییەكان بێت. لەگەڵ ئەوەشدا پێیوایە پشكپشكێنە و دابەشكاری پرسی گۆڕانكاریی وەزاری ئاستەم دەكەن.

زوبەیدی دەڵێت، سەرەڕای ئاماژەی سودانی بۆ نیازی گۆڕانكاریی وەزاری، لە ئاستی رەسمیدا تائێستا هیچ شتێك روون نەبووەتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ چاكسازی لە كابینەی ئێستای حكومەتدا پێش كۆتایی هاتنی خولەكەی، لەكاتێدا یاسین پێیوایە رەنگە گۆڕانكارییە دوابخرێت، یان ئەگەر ئەنجامیش بدرێت بەشێكی كەم دەبێت و بێ كاریگەر دەبێت لەسەر كاری سودانی و حكومەتەكەی.

بابەتی پێشتر

دەرگای تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردن کرایەوە

بابەتی دواتر

کەشناسیی هەرێم: لەم ناوچانە باراندەبارێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

عێراق هەنگاوێكی دیكە بۆ دابینكردنی ئینتەرنێت لەڕێی مانگە دەستكردەكانەوە دەنێت

وەزارەتی پەیوەندییەكان كۆبوونەوەیەك لەگەڵ كۆمپانیای ئەمازۆن تایبەت بە دابینكردنی ئینتەرنێت لەڕێی مانگە دەستكردەكانەوە ئەنجامدەدات. هیام یاسری، وەزیری پەیوەندییەكانی…
Total
0
Share