وەزارەتی ناوخۆ ڕادەستكردنی سەركردەكەی عەسائیب ڕەتدەكاتەوە

ئەو نوسراوەی بڵاوكراوەتەوە “ساختەیە”

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕەتیدەكاتەوە سەركردە دەستگیركراوەكەی عەسائیبی ئەهلی حەق ڕادەستی حەشدی شەعبی كرابێتەوە و دەشڵێت، ئەو نوسراوەی بڵاوكراوەتەوە “ساختەیە”.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەمڕۆ شەمە 26ی كانونی یەكەم لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و هەندێك لە میدیاكان بە توندی ڕەتدەكاتەوە كە سەبارەت بە ڕادەستكردنی “یەكێك لە تۆمەتباران بڵاوكرایەوە پاش بڵاوكردنەوەی نوسراوێكی تەواو ساختە كە زانیاری ناڕاست لەخۆدەگرێت دەربارەی سووربوونی وەزارەتەكە لەسەر ڕادەستكردنی ئەو داواكراوە”.

دەشڵێت، “دیاردەی بڵاوكردنەوەی نوسراوی ساختە دەربارەی كاری پێكهاتەكانی وەزارەت و بڕیارەكانی نوێ نییە، ئامانج لێی هەوڵدانە بۆ لاوازكردنی متمانەی هاوڵاتییان و ڕای گشتی بە توانای هێزەكانی ناوخۆ لە ئەنجامدانی ئەرك و هەوڵەكانیان لەپێناو ئاسایش و سەقامگیریی عێراق”.

بەپێی بەڵگەنامەیەكی ئاژانسی هەواڵگری، سەركردە دەستگیركراوەكەی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق ڕادەستی بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی حەشدی شەعبی كراوەتەوە، ئەمەش بۆ هێوركردنەوەی ئەو دۆخەی ئێوارەی هەینی لە بەغداد هاتەئاراوە.

لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا نوسراوێكی ئاژانسی هەواڵگری سەر بە وەزارەتی ناوخۆ بڵاوكرایەوە كە تیایدا باس لە كشانەوەی چەكدارانی عەسائیب دەكات بۆ نێو بارەگاكانیان پاش ڕێككەوتن لەگەڵیان لەسەر ڕادەستكردنی سەركردە دەستگیركراوەكەیان بە بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی حەشدی شەعبی.

دوابەدوای دەستگیركردنی ئەو سەركردەیەیان، كە دەوترێت بە تۆمەتی پەیوەندیدار بوون بووە بە هێرشە موشەكییەكانی سەر ناوچەی سەوز، شەوی ڕابردوو ژمارەیەك چەكداری سەر بە عەسائیب لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا دەركەوتن و هەڕەشەیان لە مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیران كرد و ڕایانگەیاند، “بە توندی هۆشداری دەدەین بە كازمی و دەستوپێوەندەكانی لە بەکرێگیراوەکانی ئەمریکا كە دەست لەو كارە قێزەونە هەڵبگرن، بە پێچەوانەوە سزای خودایان بەسەردا دادەبارێت و بەدەستی موجاهیدان بە سزا دەگەیەندرێن.”

لە كۆتایی گرتە ڤیدیۆییەكەشدا، هوتاف دەڵێنەوە و ناوی قەیس خەزعەلی، فەرماندەی عەسائیبی ئەهلی دەبەن و ئامادەیی خۆیان بۆ هەر ئەرك و گیانفیداییەك نیشاندەدەن.

دوابەدوای هەڕەشەكانی گرووپەكەی سەر بە خەزعەلی، مستەفا كازمی هاوڕێ لەگەڵ ژمارەیەك فەرماندەی سەربازی و ئەمنی و هەواڵگیریدا، بە شێوەیەكی مەیدانی، هەندێك شەقامی گشتیی بەغداد-ی بەسەركردەوە.

كازمی لە تویتێكیشدا ڕاگەیاند، “ئاسایشی عێراق ئەمانەتێكە و لە ئەستۆماندایە، ملكەچی سەركێشی نابین، بە بێدەنگی و ئارامییەوە كارمانكرد لەپێناو گەڕاندنەوەی متمانەی خەڵک و دامەزراوە ئەمنییەکان و سوپا بە دەوڵەت، دوای ئەوەی بەهۆی سەركێشی لە یاسادەرچووانەوە لەرزۆك بووبوو”.

كازمی نووسیویەتی، “داوای هێمنیمان كرد بۆ ئەوەی وڵاتەكەمان نەخزێتە سەركێشییەكی پشێوخوازیی ترەوە، بەڵام ئامادەین بۆ ڕوبەڕوبوونەوەیان یەكلاییكەرەوە ئەگەر پێویست بكات”.

بابەتی پێشتر

بەسڕە.. بەهۆی شەڕی نێوان دوو خێڵەوە پێنج كەس كوژران

بابەتی دواتر

ئەو هاوڵاتییانەی لە ئێران-ن دەتوانن بگەڕێنەوە هەرێم

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share