وەزیری دارایی: 120 ملیار دۆلار خەرجیی کارەبا بووە لە حەوت ساڵی ڕابردوودا

عەلی عەبدولئەمیر عەلاوی وەزیری دارایی حکومەتی عێراق جەختیکردەوە کاغەزی سپی هەوڵدەدات بۆ گۆڕانکاری لە سروشتی ئابووریی عێراقدا، ئاشکراشیکرد لە حەوت ساڵدا بڕی 120 ملیار دۆلار خەرجیی کارەبا بووە.

لە وتارێکیدا کە لە ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاوکراوەتەوە ڕایگەیاندووە، “هەڵسەنگاندنەکان ئاماژە بەوەدەکەن لە ساڵی 2020دا ڕێژەی هەژاری لە عێراق بەرزبووەتەوە، هۆکارەکەشی بۆ دابەزینی زۆری داهاتی نەوتی عێراق دەگەڕێتەوە، بەهۆی دابەزینی زۆری نرخی نەوت لە جیهاندا دوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا”.

وەزیری دارایی عێراق ئەوەی ڕوونکردووەتەوە، “ڕاستکردنەوەی ئەو دۆخە پێویستی بە بانگهێشتکردنی سەرمایەداران و وەبەرهێنەران هەیە بۆ کارکردن لە بواری پیشەسازیی وەبەرهێناندا بۆ پاراستنی ڕۆڵی کەرتی تایبەت، لەڕاستیدا ئەمە یەکێکە لەو هەنگاوانەی کاغەزی سپی پاڵپشتیی لێدەکات بەمەبەستی چاکسازیی ئابوری، کاغەزی سپی هەوڵدەدات سروشتی ئابوریی عێراق بگۆڕێت، ڕێگەبدات کەرتی تایبەت ڕۆڵی گەورەی هەبێت تێیدا، پشتبەستنی عێراق بە داهاتی نەوت کەمبکاتەوە”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، عێراق دەتوانێت سودی زیاتر لە بەرهەمی گاز وەربگرێت بەتایبەت ئەو گازەی دەسوتێت ڕێژەیەکی زۆرە و کاریگەریی لەسەر قەتیسبوونی پلەکانی گەرما دروستکردووە، عێراق دەتوانێت لەڕێگەی بەرهەمهێنانی وزەی خاوێنەوە هەلی کاری زیاتر بڕەخسێنێت، لەگەڵئەوەشدا ڕێگەیەکە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی کارەبا و کەمکردنەوەی تەرخانکردنی خەرجییەکی زۆر لە کەرتی کارەبادا کە لەماوەی حەوت ساڵی رابردوودا گەیشتووەتە 120 ملیار دۆلار.

بەپێی وتەی وەزیری دارایی عێراق، لەبەرامبەر هەر ملیۆن دۆلارێک بۆ بەرهەمهێنانی وزەی خاوێن، 30 هەلیکار لە وڵاتدا دەڕەخسێنێت لەبوارە جیاوازەکاندا.

لە عێراقدا لە خراپترین حاڵەتدا هەر شوێنێکی گونجاو بۆ سودوەرگرتن لە وزەی خۆر دەتوانێت بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ سود لە 60%ی وزەی خۆر وەربگرێت، ئەمەش لە باشترین شوێنی وڵاتی ئەڵمانیا بۆ سودوەرگرتن لە وزەی خۆر زیاترە، بەپێی قسەکانی وەزیری دارایی.

بابەتی پێشتر

كەشناسی كەشوهەوای ئەم هەفتەیە ئاشكرادەكات

بابەتی دواتر

ئۆپیک: 44 هەزار بەرمیل نەوت ڕۆژانە بۆ پشکی عێراق زیادکراوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share