ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكگرتوو رایدەگەیەنێنت، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا هەڵسەنگاندن بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كرا و گفتوگۆكرا لەسەر ئەو كەموكوڕتی و خروقاتانەی لەپڕۆسەكەدا كراوە و بڕیاریش درا كە بەشداریی كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم نەكەن.
ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو ئەمڕۆ شەممە دوای كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووە، “ئەنجومەنەكە سەركۆنەی ئەو جینۆساید و كۆمەڵكوژییەی خەڵكی غەززە و لوبنانی كرد و سەركۆنەی هێرشەكانی شەوی رابردووی ئیسرائیلی كرد بۆ سەر بۆ ئێران كە دەبێتە مایەی تێكدانی ئاسایشی ناوچەكە”.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لە كۆبوونەوەكە هەڵسەنگاندن بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كرا، و گفتوگۆ كرا لەسەر ئەو كەموكوڕتی و خروقاتانەی لەپڕۆسەكەدا روویانداوە و دەزگای هەڵبژاردن راسپێردرا كە بە هەماهەنگیی لەگەڵ لایەنەكانی دیكە بەدواداچوونیان بۆ بكات، و كاری پێویست لەم بارەیەوە ئەنجامبدات.
دەشڵێت، “لە كۆبوونەوەكەدا بەكۆی دەنگ بڕیاردرا كە یەكگرتوو بەشداریی نەكات لە كابینەی داهاتوی حكومەتی هەرێم و درێژەپێدەری رەوتی ئۆپۆزسیۆنی خۆی بێت لە پەرلەمانی كوردستان”.