سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، “پێداگری لە پرسی تەوتین ی مووچە دەکەین”.
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەسەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە.
بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە کە لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی لە سلێمانی سازکرا، بە ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد و تەرخانکرا بۆ هەڵسەنگاندنی ئاکامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و سەرکەوتنی یەکێتی لە دووهێندەکردنی دەنگەکانی و گەشانەوەی گیانی سەوزکردنی سیاسەت و دیموکراتی لە کوردستاندا.
هەر بەپێی راگەیەندراوەکە، سەرەتای کۆبوونەوەکە بافڵ جەلال تاڵەبانی وێڕای پیرۆزبایی لە گەلەکەمان و دەستخۆشی لە هەڤاڵان، هۆکاری سەرکەوتنی گەڕاندەوە بۆ یەکگوتاری و یەکڕیزیی سەرکردایەتی و هیمەتی هەڤاڵانە لە کەمپینە پڕ جۆش و خرۆشەکانیان کە رۆحی بەرزی یەکێتی بوونیان زیندووکردەوە، بە تایبەت لەناو کوڕان و کچانی لاودا.
وتیشی، ئەم جۆش و خرۆشە هانمان دەدات پێداگری بکەین لەسەر پەیامی راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی و گێڕانەوەی هاوسەنگی هێز و پابەندبوون بەو بەڵێنانەی بە خەڵکە خۆشەویستەکەی خۆمانمان داوە، بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییانەوە هەیە، لەناویشیاندا پرسی (تەوتین)ی مووچە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، رایگەیاند سەرکەوتنمان هەر لەسەر ئاستی هەرێم و عیراق نییە، بەڵکو ئێستا یەکێتیمان گەڕاندووەتەوە بۆ قۆناغی سەرۆک مام جەلال لە قورسایی سیاسی و دیپلۆماسی لە دونیادا.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، کۆبوونەوەی سەرکردایەتی وێڕای جەختکردنەوە لە هەڵسەنگاندنی بابەتیانەی کۆی پرۆسەی هەڵبژاردن دەستخۆشی لە کەمپینی نوێباو و داهێنەرانەی یەکێتی بە سەرۆکایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی کردەوە، کە نەک هەر گەرم و گوڕیدا بە هەڵمەتە سەوزەکەمان بەڵکو دیمەنێکی شارستانی و دیموکراتی جوانی بە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان کوردستانیش بەخشی.
هەر بەپێی راگەیاندراوەکە، سەرکردایەتی پێزانینی بێپایانی خۆی بۆ جەماوەری کوردستان دەربڕی سەبارەت بەو متمانەی بە یەکێتییەکەی خۆیانیان دایەوە و جەختی لەسەر ستراتیژی گەڕانەوە بۆ پرەنسیپەکانی سەرۆک مام جەلال کردەوە کە هەمیشە لە خزمەتی خەڵکی بەوەفای کوردستاندا درێغی نەکات، بۆ ئەو مەبەستەش ئۆرگانەکان و هەڤاڵان راسپێردران وزە و توانای خۆیان بخەنە خزمەت ئەو دیدگایەی کە بافڵ جەلال تاڵەبانی لە کەمپینی هەڵبژاردندا ناوی لێنا (کوردایەتی نوێدەکەینەوە) لەسەر بنچینەیەکی سەردەمیانە کە خزمەتی راستەقینە بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکات.