سودانی: هەڵبژاردنێكی ئازاد و بێگەرد لە هەرێم بەڕێوەبچێت

سەرۆك وەزیرانی عێراق داوادەكات كۆمسیۆن هەوڵەكانی بخاتەگەر تا هەڵبژاردنێكی ئازاد و بێگەرد لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت بۆ هێنانەدی خواستی هاوڵاتییان.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ لە بەغداد پێشوازی لە عومەر ئەحمەد، سەرۆكی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و ئەندامانی ئەنجومەنەكە كرد.

بەپێی راگەیەندراوێكی نووسینگەی سودانی، لە دیدارەكەدا گفتوگۆكرا لەبارەی ئامادەكارییەكانی كۆمسیۆن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان و، تەواوكردنی سەرجەم رێكارە پێویستەكان بۆ ئەنجامدانی ئەو هەنگاوە دیموكراسییە گرنگە.

سودانی وێڕای دەربڕینی پاڵپشتیی حكومەت بۆ هەوڵەكانی كۆمسیۆن و زامنكردنی سەرجەم پێداویستییەكانی پرۆسەی هەڵبژاردن، ئاماژەیدا بەوەی پێویستە كۆمسیۆن و سەرجەم كارمەندانی ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن.

جەختیشیكردەوە لەسەر بێلایەنی و شەفافییەت و گرنگیی هێنانەدی دادی هەڵبژاردن، بەجۆرێك پارێزگاری لە دەنگی دەنگدەران بكات، لە هەڵبژاردنێكی ئازاد و بێگەرد كە خواستی هاوڵاتییانی هەرێم بهێنێتەدی.

بڕیارە رۆژی یەكشەممەی هەفتەی داهاتوو 20ی تشرینی یەكەم هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت.

هەڵبژاردنەكە بەپێی پارێزگاكان بەشێوەی چوار بازنە بە سەرپەرشتی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەنجامدەدرێت.

بابەتی پێشتر

پشتیوانییەکانی تایلەر سویف بۆ کاملا هێرس دەتوانێت ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بگۆڕێت؟

بابەتی دواتر

مسقاڵێک زێڕی عەیاری 21 بەرامبەر بە 590 هەزار دینارە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share