قوباد تاڵەبانی: لەم هەڵبژاردنەشدا جارێكی دیكە ستۆپ بە پارتی دەكەین و كۆتایی بە خۆسەپێنی دەهێنین

لە درێژەی سەردانەكانی بۆ ناحیە و گوندەكانی ئیدارەی راپەڕین، قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەكتەبی سكرتارییەتی سەرۆك مام جەلال لەگەڵ دانیشتووانی ناحیەی خدران و گوندەكانی بناری كۆسرەت كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەكرد، لە ساڵانی رابردوودا بەشێكی گەورەی هاوڵاتییان بەهۆی بێهیوابوون لە گۆڕانكاری و لاوازی و ناكۆكی لەناو ریزەكانی یەكێتی و ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكاندا ئامادەنەبوون بەشداریی لە هەڵبژاردندا بكەن، بەڵام یەكێتی نوێ بە سەرۆكایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی هیوایەكی گەورەی بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان گەڕاندووەتەوە.

قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند، ئێستا قۆناغێكی نوێ دەستیپێكردووە، خەڵك ئێستا خۆیان بە خاوەنی ئەم یەكێتییە نوێیە دەزانن، چونكە یەكێتی لە سێ ساڵی رابردوودا خۆی رێكخستووەتەوە و بووەتەوە بەو یەكێتییەی خەڵك داوایان دەكرد.

روونیشیكردەوە كە سەرۆك بافڵ لەم سێ ساڵەدا هەم توانی ریزەكانی یەكێتی رێكبخاتەوە و هەم بەشێكی گەورەی چین و توێژە جۆراوجۆرەكانی كۆمەڵگەی لەگەڵ یەكێتی ئاشت كردەوە و دەرگاشی بەڕووی هەرچەشنە ساختەكارییەكی پارتی لە هەڵبژاردندا داخست، هەربۆیە ئەمڕۆ خەڵك لە هەر كاتێكی دیكەدا زیاتر هیوایان بە گۆڕانكاری لە شێوازی حكومڕانیدا هەیە.

لێپرسراوی مەكتەبی سكرتارییەتی سەرۆك مام جەلال دوای ئاماژەدان بە دۆخی لایەنەكانی دیكە و خواستی كۆمەڵگە بۆ گۆڕانكاری لە حكومڕانی، رایگەیاند، ئێستا تەنها لایەنێك كە هەم خواست و ئیرادەی گۆڕانكاری هەبێت و هەم كەرەستە و هێز و توانای پێویستی هەبێت، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە.

وتیشی، “وەكچۆن لە دوو ساڵی رابردوودا لە چەندین وێستگەدا سەرۆك بافڵ و یەكێتی ستۆپیان بە پارتی كردووە، لەم هەڵبژاردنەشدا جارێكی دیكە ستۆپ بە پارتی دەكەین و كۆتایی بە خۆسەپێنی دەهێنین”.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان: نەوتی سپی بەسەر نزیكەی 199 هەزار خێزاندا دابەشكراوە

بابەتی دواتر

یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق: پلانێکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد خستەڕوو

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share