ئامار و وردەکارییەکانی هەڵبژاردنی تایبەت

بڕیارە سبەینێ، 9ی تشرینی دووەمی 2025، کاتژمێر حەوتی بەیانی، لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، دەنگدانی تایبەت بەڕێوەبچێت. 

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی ئامار و وردەکارییەکانی هەڵبژاردنی تایبەت رایگەیاند، یەک ملیۆن و 313 و 918 کەس لە هێزە ئەمنییە جیاوازەکان مافی دەنگدانیان دەبێت کە رێژەی %6.13ی کۆی دەنگدەران پێکدەهێنن، لە کۆی ئەو ژمارەیە لە هەرێم 267 هەزار و 344 دەنگدەری تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە، هاوکات، 26 هەزار ئاوارە لە هەڵبژاردنی سبەینێ، مافی دەنگدانیان دەبێت، هەڵبژاردنەکە کاتژمێر حەوتی بەیانی دەستپێدەکات و شەشی ئێوارە کۆتاییدێت.

بەپێی یاساکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان دەبێت لە هەڵبژاردنی تایبەت بریتین لەمانە:

ژمارەی بنکە و وێستگەکان لە هەرێم و عێراق:

– وەزارەتی ناوخۆی هەرێم (124 هەزار و 312 کەس).

– وەزارەتی ناوخۆی عێراق (597 هەزار و 453 کەس)

– وەزارەتی پێشمەرگە (145 هەزار و 907 کەس).

– وەزارەتی بەرگریی عێراق (298 هەزار و 89 کەس)

– کارمەندانی دەزگای ئاسایش و ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم.

– دەستەی دەروازە سنوورییەکان (هەزار و 596 کەس)

– دەستەی حەشدی شەعبی (128 هەزار و 127 کەس)

– دەزگای زانیاریی و پاراستنی هەرێم، دەزگاکانی دژەتیرۆر (18 هەزار و 410 کەس).

– دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق.

– ئاوارەکان.

– کارمەندانی کۆمسیۆن.

ژمارەی بنکەکان:

809 بنکەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی تایبەت تەرخانکراون کە پێکدێن لە چوار هەزار و 501 وێستگە و بەسەر سەرجەم بازنەکان دابەشکراون.

ئامارەکانی هەرێمی کوردستان:
بۆ هەڵبژاردنی تایبەت، لە هەرێم 204 بنکەی دەنگدان ئامادەکراون کە بەسەر 958 وێستگەدا دابەشبووە، کە بەمشێوازەیە:

سلێمانی و هەڵەبجە: 82 بنکە، 378 وێستگە، 108 هەزار و 344 دەنگدەر

هەولێر: 79 بنکە، 385 وێستگە، 111 هەزار و 839 دەنگدەر.

دهۆک: 43 بنکە، 159 وێستگە، 108 هەزار و 344 دەنگدەر.

هەر سبەینێ، ئاوارەکان مافی دەنگدانیان هەیە و ژمارەیان 26 هەزار و 538 دەنگدەرە، دەتوانن لە 27 بنکە کە دابەشبووە بەسەر 97 وێستگەدا، دەنگبدەن.

مەرجی دەنگدان لە هەڵبژاردنی تایبەت بوونی کارتی بایۆمەترییە:
تەنیا ئەو کەسانە دەتوانن بەشداریی دەنگدانی سبەینێ بکەن کە کارتی بایۆمەتریان هەیە، بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆن تاوەکو دوێنێ یەک ملیۆن و 99 هەزار و 321 کەس کارتی بایۆمەتریان وەرگرتووەتەوە، کە دەکاتە رێژەی %84ی دەنگدەران.

 

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share