وتەبێژی لیستی 129ی یەكێتی: لە بەردەم دوو ئاراستەداین

وتەبێژی لیستی یەكێتی رایدەگەیەنێت، لە بەردەم دوو ئاراستەداین، یەكێكیان ئاراستەی باڵێكی شەڕانگێز و خۆسەپێن، ئەوی دیكەش بە رابەرایەتیی یەكێتی بۆ كۆتاییهێنان بە چەوتی و شكستخواردوویی

كاروان گەزنەیی، وتەبێژی لیستی 129ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا لە هەولێر رایگەیاند، داوا لە كاندید و لایەنگرانمان دەكەین پابەندبن بە رێنماییەكانی كۆمسیۆن و رێنماییە ژینگەییەكان. بانگەشەیەكی مەدەنی بكەن لە چوارچێوەیەكی دیموكراسی، هێمن و شارستانی، لە چوارچێوەی پێوەرەكانی پێشكەوتن، لەهەمان كاتدا، هێمن بەڵام راشكاو سەبارەت بەم بارودۆخە.

وتیشی، “وەك ئەوەی سەرۆك بافڵ فەرمووی، ئەم هەڵبژاردنە خاڵێكی وەرچەرخانی گرنگە، لەم هەڵبژاردنەدا دەنگی هاوڵاتییان، سەنگی مەحەك و یەكلاكەرەوەیە بۆ داهاتووی هەرێمەكەمان”.

لەم هەڵبژاردنەدا هەرێمی كوردستان لە بەردەم دوو ئاراستەدایە، یەكێكیان ئاراستەی باڵێكی شەڕانگێز و خۆسەپێن، ئاراستەكەی دیكە بە رابەرایەتی سەرۆك بافڵ و یەكێتییە بۆ كۆتایی هێنان بەم حكومڕانییە چەوت و شكستخواردووەی هەرێمی كوردستان و گێڕانەوەی كوردستان بۆ شاڕێی خەباتی دیموكراسی و مەدەنی، گەزنەیی وای وت.

وتەبێژی لیستی 129ی یەكێتی ئاماژەی بەوەشدا، پرسیار زۆر دەكرێت لەبارەی بەرنامەی یەكێتی، مەبەستمانە كۆتایی بهێنین بە كپكردنی دەنگی ئازاد لە هەرێمی كوردستان، كۆتایی هێنان بە دەستگیركردنی رۆژنامەنووسان و چالاكوانانی مەدەنی لەسەر كۆمێنتێكی جیاواز و بۆچوونی جیاواز و راپێچكردنیان بۆ زیندان بە پێنج و شەش ساڵ. كۆتایی دەهێنین بە زیندانیكردنی كوردستان لە هەرێمی كوردستاندا.

ئەوەشی وت، كۆتایی دەهێنین بە كەسیكردنی پرسی مووچە و كێشەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵیدا، بە یاریكردن بە چارەنووس و مووچە و قوتی هاوڵاتییان. بە بارمتەگرتنی مووچەی خەڵكی كوردستان و رادەستكردنی بە ئیرادەیەكی مەترسیدار.

گەزنەیی ئاماژەشیدا، كۆتایی دەهێنین بەم حكومەتە پۆلیسییەی لە هەرێمی كوردستان هەیە، كە لەلایەن باڵێكی خۆسەپێنی شەڕانگێزی سەر بە ئاژاوە لە هەرێم ئیدارە دەدرێت.

دووپاتیشیكردەوە، دەمانەوێت حكومەتێكی مەدەنی و دیموكراسی شایستە و گونجاو پێكبهێنین، كە چارەنووسی گەنجەكانمان بداتە هەلی كار، نەك ئیجە، جیاوازی لەنێوان شارەكاندا نەكرێت و گەمارۆ و ئابلۆقەی سیاسی نەخرێتە سەر پارێزگاكان، لە هەولێر جیاوازی لەنێوان كۆڵان و گەڕەكەكاندا نەكرێت، بەجۆرێك ژمارەیەكیان فیرعەونی و ژمارەیەكی دیكەیان هەژار نشین بن.

وتەبێژی لیستی 129ی یەكێتی باسی لەوەشكرد، لای هاوڵاتییان روونە كە كۆتایی هێنان بەم خۆسەپێنی و شەڕانگێزییەی ناو باڵێكی پارتی، تەنها بە یەكێتی و سەرۆكێكی بە ئیرادە و كاریگەری وەك سەرۆك بافڵ دەكرێت.

بابەتی پێشتر

قائیمقامیەتی سلێمانی: ئەمساڵ کێشەی کەمیی غاز و بەرزبوونەوەی نرخەکەی نابێت

بابەتی دواتر

ئاوی سلێمانی وادەی گەیاندنی تۆڕی ئاو بە گەڕەک و سیتییە نوێیەکان ئاشکرادەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share