كامیان باشترە بۆ جەستە.. ئاوی گازی یان ئاسایی؟

زۆر كەس دەپرسن لەوەی ئایا ئاوی گازی هەمان تایبەتمەندیی شێداركردنەوەی هەیە كە لە ئاوی ئاساییدایە، لەكاتێكدا قسە لەبارەی زیانی دیكەیەوە دەكرێت بۆسەر كۆئەندامی هەرس و تەندروستی بەشێوەیەكی گشتی.

لەم نێوەندەدا رۆژنامەی “واشنتن پۆست” لە زاری گریس دیرۆشا، پسپۆڕی بواری خۆراك دەڵێت، ئاوی گازی “هەمان پێكهاتەی سەرەكیی شێداركەرەوەی تیایە كە لە ئاوی ئاسایی (H2)دا هەیە”.

بەڵام ئاوی گازی، بەشێوەیەكی سروشتی یان پیشەسازی گازی دووانە ئۆكسیدی كاربۆنی تواوەی تیایە، كە لەڕێی كارلێكی كیمیاییەوە دەگۆڕێت بۆ ترشی كاربۆنیك.

دیرۆشا ئاماژەی بەوەشدا، ئەو تایبەتمەندییە لە ئاوی گازیدا “رێگرنابێت لە جەستە لە هەڵمژینی ئاو و بەشێداری مانەوەی”.

توێژینەوەیەك كە ساڵی 2016 ئەنجامدرا و، پشكنینی بۆ ئاستی شێداركردنەوە لەڕێی 13 خواردنەوەی جیاوازەوە كرد بە بەراوركردنی خواردنەوەی شلەمەنییەكان لەگەڵ رێژەی دەردانی میز، دەڵێت، ئاوی گازی نەك تەنها وەك ئاوی ئاسایی شێداركەرەوەیە، بەڵكو وەك خواردنەوەكانی دیكەش شێداركەرە، لەنێویاندا قاوە و چا.

رۆن ماوجان، كەسی یەكەمی توێژینەوەكە و مامۆستا لە كۆلێجی پزیشكیی زانكۆی سانت ئەندرۆز لە سكۆتلەندا دەڵێت، لێرەدا ئاوی گازی تایبەتمەندییەكی زیاتری هەیە بۆ هەندێك كەس، چونكە كاتێك زیاترت خواردەوە، ئەوكات جەستەت شێدارتر دەبێت بەراورد بە خواردنەوەی بڕێكی كەمی ئاوی ئاسایی.

لای خۆیەوە، دیرۆشا رێنوێنی دەكات بە هەڵبژاردنی ئەو جۆرەی شەكریان تیانییە، دەشڵێت، ئەو بلقانەی لە ئاوی گازیدا هەیە هەندێك كەس هاندەدات بۆ خواردنەوەی زیاتر.

لە هەمان كاتیشدا ئاماژەدەدات، كەسانیش هەن كەمتری دەخۆنەوە، “چونكە دەشێت ببێتەهۆی سك هەڵاوسان و كۆبوونەوەی غازات، بەتایبەت لەوانەدا كە كێشەی گەدەیان هەیە”.

هەرچی سەبارەت بە زانیارییە باوەكانی دیكەیە دەربارەی ئاوی گازی، هیچ بەڵگەیەكی یەكلاكەرەوە نییە لەسەر ئەوەی خراپ بێت بۆ تەندروستیی ئێسك و تەندروستیی ددان، بەڵام ئەگەر ترشییەكەی بەرز بێت، دەشێت ببێتەهۆی داخورانی مینای ددان.

بابەتی پێشتر

کاتێک ناوی پاییز دێت یەکەم شت چی بە مێشکتدا گوزەردەکات؟

بابەتی دواتر

کاملا هێرس داوای ئەنجامدانی دیبەیتێکی دیکەی لە دۆناڵد ترەمپ کرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share