سەرەتای جەنگی دیجیتاڵی بە تەقینەوەی پەیجەر

تەقینەوەی ئامێری پەیجەر لە لوبنان، پرسیار گەلێکی زۆری لەسەر مەترسییەکانی تەکنەلۆژیای ئەمڕۆ وروژاند، وەک (مەترسی مۆبایلە زیرەکەکان لەسەر مرۆڤ و تواناکانی کۆنترۆڵکردنی هەر تابلێت و کاتژمێرێکی زیرەک و لاپتۆپ و تەنانەت هێدفۆنە زیرەکەکانیش کە رەنگە وەک بۆمبێکی چێندراویان لێ بکرێت) بەڵام وردەکاری ئەم بابەتە قسەگەلێکی زۆر هەڵدەگرێت و بۆچی جیاواز لەبارەیانەوە هەیە.

لوقمان حەوێز، یەکێکە لە شارەزایانی بواری تەکنەلۆژیای ئەمڕۆ و ئەندامی کۆمەڵەی گەردوونناسانی تێکساس بابەتێکی بڵاوکردەوە لەسەر تەقینـەوەی باتـری لیثيـۆم ئایـۆن و پاتـری لیثیـۆم پۆلیـمەر.

ناوبراو ئاماژە بەوەدەکات، هەمـوو جۆرە مۆبایلە هۆشمەندەکان و تابلێتەکان و لاپتۆپەکان و ئامێرەکانی ناولەپ بۆ پەیوەندیکردن کە لە ئەمڕۆدا هەن باتریەکیان تێدایە لە جۆری لیثیـۆم ئایۆن یان لیثیـۆم پۆلیمەر کە دەکرێت بە بۆمبێکی بچوکیش دابنرێن چونکە ئەگەر شۆرت سێرکت بکرێن لە رێگەی چاندنی ڤایرۆسێک لەناو ئەو ئامێرانە ئەوا ساتی وەگەڕخستنی ڤایڕۆسەکە کتوپڕ باتریەکەی زۆر زۆر گەرم دەبێت و دەتەقێتەوە.

ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو جۆرە باتریانە بە پاتری پاوەربەرز دادەنرێـن ئەگەر بەخێرایی وزەکەی نێـویان رابکێشرێت یان شۆرت سێرکت بکرێن زۆر گەرم دەبن و ئەو کات دەتەقنەوە.

باس لەوەدەکات، مۆبایلە نوێیەکان لەجۆری سامسۆنگ و ئایفۆن بەجۆرێک دروستکراون کە بەگشتی زۆر پارێزراون لەو جۆرە رووداوە، چونکە لە ئەگەری بوون و چاندنی ڤایڕۆسێک یان ئەپێک کە بیەوێت باتری ناو مۆبایلەکەت شۆرت سێرکت بکات یان بڕێکی ئێجگار زۆر وزە بە کتوپڕی رابکێشێت بۆ خۆی ئەوا یەکسەر مۆبایلەکەت دەکوژێتــەوە بۆئەوەی باتریەکە هێندە گەرم نەبێت بتەقێتەوە.

بەشێکی دیکە لە شارەزایان ئاماژە بەوەدەکەن، ئەوەی روویدا سەرەتای جەنگێکی دیجیتاڵییە، جەنگێکی نوێ کە ئەو ئامێرانەی رۆژانە هەر کەسێک بەکاردەهێنێت دەکرێت ببێتە چەکێک لە دژی بەکاربهێندرێتەوە، ئەم چەکە جیاوازە لە چەکێکی دیکە کە خۆت پارەی پێدەدەیت و دەیکڕیت و لە دژیشت بەکاردەهێندرێتەوە.

تاوەکو ئەمڕۆ، درۆن پێشکەوتووترین چەک بوو کە بەکاردەهات و لە رێگەیەوە دەکرا ئامانجەکان بپێکرێت، بەڵام ئێستا بەکارهێنانی ئامێرێکی زیرەکی وەک پەیجەر و کردنی بە بۆمب، دەرگا لەسەر زۆر بابەتی دیکە دەکاتەوە، لە کاتێکدا لە زۆرێک لە فیلمە سینەماییەکان و تەنانەت وەک تیۆری چەندین تیۆری هەیە کە دەکرێت، مرۆڤ بە ئامانج بگیرێت لە رێگەی کەرەستەکانی رۆژانەوە، بەڵام وەک بەکارهێنان، رووداوەکە نوێ بوو.

ئەوەی هەمووان لەبارەیەوە دەزانن، تەقینەوەی باتری هەر ئامێرێک بابەتێکی نوێ نییە، بەڵام بەمەبەست گەرمکردنی باتری ئامێرەکان دەبێتە بابەتێکی نوێی جیهانی و وادەکات، مرۆڤ ترسی بۆ هەر کەرەستەکەی چواردەوری بۆ دروستببێت.

وردەکاریی ئەوەی دوێنێ روویدا لەم لینکەدایە..

بابەتی پێشتر

نوێترین زانیاری لەبارەی پڕکردنەوەی فۆڕمی وانەبێژانی لادراو

بابەتی دواتر

لە سلێمانی ئامادەکاریی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەکرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share