خواردنەوەی رۆژانەی ئەم بڕە لە كافایین مەترسیدارە

بەپێی توێژینەوەیەكی نوێ، ئەو كەسانەی زۆرینەی رۆژەكان زیاتر لە 400 میلیگرام كافایین دەخۆنەوە، مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییەكانی دڵ و دەمارەكان زیاترە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی وەك خاوەن تەندروستییەكی باش دەردەكەون، بەپێی ئەوەی سایتی (هێلس)ی پزیشكی بڵاویكردووەتەوە.

توێژینەوەكە كە پێشكەشی كۆنگرەی كۆلێجی ئەمریكی بۆ نەخۆشییەكانی دڵ لە نیودەلهی كراوە، دەریدەخات بەشداربووان، ئەوانەی ئەو بڕە كافایینەیان بەشێوەیەكی نیمچە رۆژانە خواردووەتەوە، زیاتر لەبەردەم ئەگەری بەرزبوونەوەی لێدانی دڵ و فشاری خوێندا بوون، ئەمەش مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ زیاددەكات.

جیسۆن هۆبر، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی دڵ لە پەیمانگای نۆرتۆن بۆ دڵ و دەمارەكان روونیكردەوە، بەشێوەیەكی گشتی، بەرزبوونەوەی فشاری خوێنی درێژخایەن سەرچاوەیەكی مەترسیدارە بۆ نەخۆشییەكانی دڵ و دەمارەكان لە ئایندەدا، وەك جەڵتەی دڵ یان سستبوونی دڵ یاخود جەڵتەی مێشك.

توێژەران تاوتوێی زانیارییەكانی كۆمەڵەیەكی پێكهاتوویان لە 92 كەس كرد كە خاوەن تەندروستییەكی باش و تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 45 ساڵدا بوو، فشاری خوێنیشیان ئاسایی بوو.

نزیكەی 20%ی بەشداربووان رۆژانە 400 میلیگرام كافایینیان خواردووەتەوە، كە دەكاتە خواردنەوەی چوار كوپ قاوە یان دوو خواردنەوەی وزەبەخش یاخود 10 دەبە قوتوو لە خواردنەوە گازییەكان.

خواردنەوەی ئەم بڕە لە كافایین كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر كۆئەندامی دەماری بەشداربووان دروستكرد، كە لەگەڵ تێپەڕبوونی كاتدا دەبێتەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی لێدانی دڵ و فشاری خوێن.

ئەنجامەكان مەترسیدارتربوون لەنێو ئەوانەی بە بەردەوامی زیاتر لە 600 میلیگرام كافایینیان لە تەنها رۆژێكدا خواردووەتەوە، بەجۆرێك یەكێك لەو بەشداربووانە رێژەی لێدانی دڵی زۆر بەرزبوو (100 لێدان لە خولەكێكدا) و فشاری خوێنیشی گەیشتە (140/90، لەكاتێكدا 120/80 رێژەی ئاساییە).

نانسی كاجاسارا، پسپۆڕ و سەرپەرشتیاری سەرەكیی توێژینەوەكە روونیكردەوە، بەهۆی كاریگەرییەكەی لەسەر كۆئەندامی دەمار، خواردنەوەی كافایین بەشێوەیەكی رێكخراو دەشێت كەسانی تەندروست باش رووبەڕووی مەترسیی فشاری خوێن و گرفتە تەندروستییەكانی دیكە بكاتەوە.

روونیشیكردەوە، “زیادبوونی هۆشیاری دەربارەی ئەم مەترسییانە، هەنگاوێكی باشە بۆ بە تەندروست مانەوەی دڵی هەمووان”.

بابەتی پێشتر

پزیشکیان لە بەغدادە

بابەتی دواتر

لە گوندی سێکانیانی کەرکوک رووبەڕووبوونەوە لەنێوان هێزێکی ئەمنی و تۆمەتبارێک روویدا و لە ئێستادا دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

لە سلێمانی بەهۆی نەبوونی دەرمان بەشێک لە نەخۆشخانەکان خزمەتگوزارییەکانیان ڕادەگرن

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی ڕاگرتنی خزمەتگوزارییەکانی لە بەشێک لە نەخۆشخانەکانی شارەکە ڕاگەیاند، بەهۆی نەبوونی دەرمان و پێداویستیی پزیشکییەوە،…
Total
0
Share