زانكۆی سلێمانی پرۆژەیەك بۆ بەڕێوەبردنی بەشە ناوخۆییەكان دەكاتە ئەلیكترۆنی و بەڕێوەبەرێكی زانكۆكە دەڵێت، پرۆژەكە لەلایەن سەرۆكی یەكێتییەوە پاڵپشتیی دارایی كراوە.
توانا سەعید، بەڕێوەبەری تەكنەلۆجیای زانیاریی زانكۆی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، بۆ یەكەمجار پرۆژەی بە ئەلیكترۆنیكردنی سیستمی بەڕێوەبردنی بەشە ناوخۆییەكان بۆ خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی رادەگەیەنن.
روونیشیكردەوە، پرۆژەكە ئامادەكارییەكی تەواوە بۆ سیستمی بەڕێوەبردنی بەشە ناوخۆییەكان و هاوكاری و ئاسانكاری بۆ خوێندكاران و زانكۆ دەكات لە هەڵبژاردن و دیاریكردن و بەڕێوەبردنی بەشە ناوخۆییەكانیان.
توانا سەعید ئەوەشی خستەڕوو، لە رابردوودا خوێندكاران گیرۆدەی ئەو سیستمە كلاسیكییەی تایبەت بە بەشە ناوخۆییەكان ببوون، بەڵام بە جێبەجێكردنی ئەم سیستمە خزمەتگوزارییە چیتر پێویست بەو هیلاكبوون و كێشەیە ناكات.
بەڕێوەبەری تەكنەلۆجیای زانیاری ئاشكراشیكرد، “تێچووی پرۆژەكە لەلایەن سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە دابینكراوە، كە نەك هەر ئەم پرۆژەیە، بەڵكو لە ماوەكانی رابردوودا دەستێكی باڵای هەبووە لە خزمەتكردنی بەشە ناوخۆییەكان و چەندین خزمەتگوزاری هەیە كە بەڕێزیان تێچووەكەی گرتووەتەئەستۆ”.
ئاماژەی بەوەشدا، لەڕێی سیستمە ئۆنلاینەكەوە خوێندكار دەتوانێت لە ماڵەوە ژوورەكە و بێدەكەی دیاری بكات و بزانێت كە بەشەكەی چەند چێشتخانەی هەیە و وتی، “هەموو خزمەتگوزارییەك ئەمساڵ جیاواز دەبێت لە ساڵی پێشوو”.