کارەبای سلێمانی: چیتر کارەبا بەو سیستمە کۆنە بەڕێوەناچێت

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ هەموو شتێک لە ژیانی ئێمەدا زیرەکە و دەبێت سیستمی بەڕێوەبردنی کارەباکەش سەردەمییانە و زیرەک بێت، هەرچەندە هەموو شتێکی نوێ کەمتر لەناو خەڵکدا قبوڵدەکرێت.

سیروان محەمەد، وتەبێژی کارەبای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “خەڵکی ڕاهاتوون بەبێ سانسۆر کارەبا بەکاربهێنن، بەڵام چیتر کارەبا بەو شێوازە بەڕێوەناچێت و دەبێت سیستمێکی نوێی زیرەکی هەبێت، ئێستا تۆڕی زیرەک بەشێکی لە سلێمانی کەوتووەتەکار و خەڵک دەبێت وەک هەموو وڵاتانی دونیا، خۆیان لەگەڵ سیستمەکەدا بگونجێنن”.

سەبارەت بە دەستکاریکردنی پێوەرەکە لەلایەن هەندێک کەسەوە، سیروان محەمەد وتی، “بەداخەوە چەند حاڵەتێکی دەستکاریکردنی پێوەری زیرەکمان هەیە، بەڵام وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاندووە، ئەو کەسانە ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە و پارەی پێوەرەکە و ئەو ماوەیەشیان لێدەسێندرێت کە دەستکاریکراوە”.

وتەبێژی کارەبای سلێمانی ئاشكرایکرد، پێشتر بەفیڕۆچوونی کارەبای زۆریان هەبووە و نادادپەروەری هەبووە لە دابەشکردنی کارەبا، بەڵام سیستمی تۆڕی زیرەک هەم دادپەروەری دەگەڕێنێتەوە، هەم شوێنی بەفیڕۆچوونی کارەبا دەستنیشان دەکات.

تۆڕی زیرەک، لەڕێگەی ئامێرێکی زیرەکەوە کارەبا بەسەر بەشداربووانی کارەبای نیشتمانیدا دابەشدەکات و هەموو زانیارییەکی بەکارهێنەری کارەبا دەگوازێتەوە بۆ سەنتەرەکانی کۆنترۆڵ.

پێوەرەکە بەشێوەیەک کاردەکات، کە ئەگەر زیاتر لە 40 ئەمپێر کارەبا لە ماڵێکدا بەکاربهێنرێت، کارەبای ماڵەکە دەکوژێتەوە و دوای چەند جارێک لە زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی کارەبادا، پێوەرەکە بۆ ماوەی 20 خولەک دەکوژێتەوە.

بابەتی پێشتر

تووشبوون بە کۆرۆنا مەترسییەکانی سەر مێشک زیاتر دەکات وەک لە ڤاکسینەکان

بابەتی دواتر

گنابری: ئەم یاریزانەی بەرشلۆنە لە مباپێ باشترە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share