جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت، سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاریدا دەست بە خەرجكردنی مووچەی مانگی تەمموز (7)ی دەزگا ئەمنی و سەربازییەكان بكرێت و هەفتەی داهاتووش مووچەی مانگی ئاب (8)یان خەرج بكرێت.
شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق گفتوگۆیان كرد و، بڕیاریدا ئەمڕۆ رێنوێنی بدات بە خەرجكردنی مووچەی مانگی تەمموزی دەزگا ئەمنی و سەربازییەكان و هەفتەی داهاتووش مووچەی مانگی ئاب (8)یان خەرج بكرێت.
وتیشی، “لەبارەی ئەو گرفتانەی وەزارەتی دارایی ناوەند دروستیکردووە بە بڕینی مووچەی چەند توێژێک لەبەر چەند هۆکارێک، پێشنیارمان کرد ئەوانەی دووجار ناویان هاتووە ئەوانەن کە فەرمانبەرن لە هەرێم و مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتییان هەیە، نووسراو ئاراستەی وەزارەتی کاری ئیتحادی بکرێت بۆ ئەوەی مووچەیان ببرێت نەک بڕینی مووچەکانیان لەسەر حكومەتی هەرێم”.
دەربارەی ئەو مووچەخۆرانەش كە بایۆمەترییان نییە، شاخەوان عەبدوڵا باسی لەوەكرد، بە سەرۆک وەزیرانی راگەیاندووە كە ئەوەی بایۆمەتری نەکردووە، مانای ئەوە نییە وجودی نییە و نابێت مووچەکانیان ببڕن، هاوشێوەی ئەوان لە حکومەتی ئیتحادیش هەیە و بایۆمەتریان نەکردووە.
روونیشیكردەوە، پێشنیاریان كردووە گشتاندنێك بكرێت بۆ سەرجەم فەرمانگەکانی ئیتحادی و هەرێم کە دەبێت ئەو پرۆسە لە ماوەیەكی دیاریكراودا تەواوبکرێت، بە پێچەوانەوە مووچەکانیان ببرن، نەک لەئێستاوە ببڕدرێت.
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەشدا، باسمان لەوەكرد كە حکومەتی هەرێم لەو پرۆسەیەدا زۆر خێرایە و لە سەرەتای ساڵەوە لە کۆی 600 هەزار فەرمانبەر کە بایۆمەترییان نەکردبوو، ئێستا تەنها 100 هەزار ماون و پرۆسەکەش بەردەوامە.
لە زاری سودانیشەوە دەڵێت، هەردوو پێشنیارەكەی لاپەسەند بووە و وتوویەتی كاری لەسەر دەكەن.