وەزارەتی دارایی عێراق دەستی بە ناردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم کرد

بڕێك لە پارەی مووچەی مانگی تەمموزی فەرمانبەرانی هەرێم گەیشت و پەرلەمانتارێكی كورد دەڵێت، بە چەند گوژمەیەك دەنێردرێت.

سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، ئەمڕۆ یەکەم بڕە پارە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرجکرا و بە چەند گوژمەیەک پارەکە دەگاتە هەرێم.

ناوبراو باسی لەوەشکرد، ناردنی پارەکە بە چەند گوژمەیەک دەبێت و میکانیزمی ناردنی پارەکە ئاشکرانەکراوە، بەڵام بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەستی ئەوان کەوتووە، پارەکە بە چەند گوژمەیەک دەنێردرێت و ئەمڕۆ یەکەم گوژمەی رەوانەکراوە.

ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، جەختیشیکردەوە، کێشە و بەربەستەکان لەبەردەم خەرجکردنی مووچە بۆ مانگەکانی داهاتوو بەردەوام دەبن، بەهۆی ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان نە هیچ هەنگاوێکی ناوە بەمەبەستی چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم ناردنی مووچە و نە هیچ روونکردنەوەیەکیشی لەوبارەیەوە داوە.

پێشتر، سۆران عومەر چەند جارێک روونکردنەوەیداوە و رایگەیاندووە، کێشەی بەردەم ناردنی مووچە، گۆڕانکارییە لە لیستەکان کە وەزارەتی دارایی هەرێم مانگانە رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراقی دەکات و جێبەجێنەکردنی نوسراوەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراقە بۆ بەبانکیکردنی مووچە لەرێگەی بانکە فیدڕاڵییەکانەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئەو دۆخەی ئێستا بوونی هەیە و ئەو کێشە و گرفتانە هەروا بە هەڵبەستراوی بمێننەوە، وادەیەکی دیاریکراو بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم نابێت.

بابەتی پێشتر

خۆپیشاندانی دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان برینداری لێکەوتەوە

بابەتی دواتر

دوای 36 ساڵ و بە ئامادەبوونی منداڵەکانیان ئاهەنگی هاوسەرگیرییان ئەنجامدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share