گرفتی زۆرێك لە خانمانە.. 10 هۆكار بۆ هەڵوەرینی قژ

رێژەی رۆژانەی هەڵوەرینی قژ بەهۆی تەواوبوونی خولی ژیانیەوە لە 50 بۆ 100 تاڵە قژە، ئەم ژمارەیە كاریگەری لەسەر دیمەنی گشتیی سەر و دەموچاو نابێت.

بە تێكڕا 100 هەزار موو لە پێستی سەردا دەمێننەوە و رۆژانە ژمارەیەكیان لە قۆناغی گەشەدان بە هەمان رێژەی هەڵوەرینی سروشتی، بەوەش پێستی سەر پارێزگاری لە ژمارەی تاڵە مووكان دەكات، بەڵام بەپێی ئەوەی رۆژنامەی (India Times) بڵاویكردووەتەوە، لە ئەگەری زیادبوونی ژمارەكەدا 10 هۆكاری دیكەی باو بۆ هەڵوەرینی قژ هەن، كە بریتین لە:

1. ناسەقامگیرییە بۆماوەییەكان
هۆكاری بۆماوەیی یەكێك لە هۆكارە زۆر باوەكانی هەڵوەرینی قژ. كە لە پیاواندا پاش تەمەنی پێگەیشتن سەرهەڵدەدات و دەبێتەهۆی سنوورداكردنی زیادبوونی قژ و دواتر دەركەوتنی كەچەڵی.

2. ناسەقامگیریی هۆرمۆنی
حاڵەتەكانی وەك سكپڕی، منداڵخستنەوە، وەستانی سووڕی مانگانە و گرفتی غودەی دەرەقی دەبنە هۆی هەڵوەرینی قژ بەشێوەی كاتی یان بەردەوام.

3. شەكەتی دەروونی و جەستەیی
دەشێت شەكەتبوونی دەروونی و جەستەیی ببێتە هاندەر بۆ هەڵوەرینی قژ.

4. بەدخۆراكی
كەمیی ڤیتامین و كانزا بنەڕەتییەكان دەبنەهۆی هەڵوەرینی قژ. سەرچاوە خۆراكییەكانی وەك ڤیتامین دی، ئاسن، ڤیتامین سی و ڤیتامین بی رۆڵی یەكلاكەرەوە لە تەندروستیی قژدا دەگێڕن. بۆ نمونە ڤیتامین دی پێویستە بۆ دروستبوونی رەگی قژی نوێ، لەكاتێكدا ئاسن دەبێتەهۆی گواستنەوەی ئۆكسجین بۆ رەگی قژ.

5. دەرمان
هەندێك لە دەرمان و چارەسەرەكان لێكەوتی نەرێنییان هەیە. بۆ نمونە ئەو دەرمانانەی بۆ چارەسەری شێرپەنجە، هەوكردنی جومگەكان، خەمۆكی، كێشەكانی دڵ و بەرزبوونەوەی فشاری خوێن بەكاردێن دەبنەهۆی هەڵوەرینی قژ.

6. نەخۆشییەكانی سیستمی بەرگری
نەخۆشییەكانی وەك دەردە رێوی دەبێتە هۆی هەڵوەرینی قژ بەشێوەیەكی لەناكاو و پچرپچر. لەم دۆخەدا سیستمی بەرگری بە هەڵە هێرشدەكاتەسەر رەگی قژ و دەبێتەهۆی هەڵوەرینی لە بەش و شوێنی سنوورداردا. هەروەها رەنگە دیاردەی دیكەی وەك هەوكردنی پێستی سەر و سەدەف ببنە هەمان هۆكار بۆ هەڵوەرین.

7. چارەسەری شێرپەنجە
روونە كە ئەو ماددە كیمیاییانەی بۆ چارەسەری نەخۆشیی شێرپەنجە بەكاردەهێنرێن وەك دەرزیی كیمیایی و تیشك، دەبنەهۆی هەڵوەرینی قژ.

8. لەدەستدانی كێش بەشێوەیەكی بەرچاو
دابەزینی كێش بەبڕێكی زۆر و لەماوەیەكی كەمدا دەبێتەهۆی شۆكی جەستەیی و هەڵوەرینی قژ. ئەمەش زۆركات بەهۆی ئەو بارە گرانەوە كە دەكەوێتە ئەستۆی جەستە لە ئاكامی گۆڕانكارییە لەناكاوەكانی خۆراك و بەدخۆراكی دروستدەبێت.

9. نەشتەرگەری یان نەخۆشیی لەناكاو
دەشێت ئەنجامدانی نەشتەرگەریی گەورە یان نەخۆشییەكی گەورەی لەناكاو ببنەهۆی رووتانەوەی قژ لە قۆناغێك لە قۆناغەكاندا. ئەمەش لە ئاكامی فشاری وەك خودی نەشتەرگەرییەكە یان سڕكردن یان نەخۆشییەكە، ئەم جۆرە لە هەڵوەرین بەشێوەیەكی گشتی بە چەند مانگێك پاش رووداوەكە دەبێت و رەنگە بۆ چەند مانگێكیش بەردەوامبێت.

10. سكپڕی
لەكاتی دووگیانبووندا، ئاستی بەرزی ئیسترۆجین دەبێتەهۆی زیادبوونی قۆناغی گەشەی قژ، كە دەبێتەهۆی هاتنەدی قژێكی پڕ و بریسكاوە، بەڵام پاش منداڵبوون ئاستی ئیسترۆجین دادەبەزێت، ئەمەش بڕێكی زۆری قژ دەخاتە قۆناغی پشوو و دواتریش هەڵوەرینەوە، بەر لە سەرلەنوێ گەشەكردنەوە لە چەند مانگی دواتردا.

بابەتی پێشتر

بەكارهێنانی جۆرێك گوێزانی ریشتاشین قەدەغەكرا

بابەتی دواتر

رۆژنامەنووس سڵێمان ئەحمەد سزای سێ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

حه‌وت ساڵه‌ ده‌رمانى ساخته‌ ده‌درێت به‌ نه‌خۆشخانه‌كانى شێرپه‌نجه‌

دوو په‌رله‌مانتارى كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نن، ماوەی حەوت ساڵە، كۆمپانیایه‌كى خۆماڵی دەرمانی ساختەكراوی شێرپەنجە بۆ نەخۆشخانەكانی شێرپەنجە دابیندەكات. هه‌ردوو په‌رله‌مانتار…
Total
0
Share