بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باجەكان و خانووبەرەی میری رایدەگەیەنێت،باج بە یاسا وەردەگیرێت و ئەركی سەرەكیمان جێبەجێكردنی یاساكانی باج بووە كە سەرجەمیان یاسای كۆنی عێراقین بەبێ ئەوەی هیچ گۆڕانێك لە رێژەكانی باج كرابێت، ئەوەی كراوە گەڕانەوەیە بۆ دەق و رۆحی یاساكان و رێگریكردن بووە لە خۆدزینەوە لە پێدانی باج.
بەپێی روونكردنەوەیەكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باجەكان و خانووبەرەی میری كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، وەزارەتی دارایی و ئابوری/ ب. گ. باجەكان و خانووبەرەی میری تەنها لە وەرگرتنی ئەم جۆرە باجانەی لەخوارەوە ئاماژەی پێدراوە بەرپرسیارە و وەرگرتنی هەر بڕە پارەیەك بەناوی باج لە هاوڵاتییان جیا لەوانە ئێمە لێی بەرپرسیارنین:
باجی كۆمپانیاكان: ئەم باجە لە قازانجی ئەو كۆمپانیایانە وەردەگیرێت كە لە ئەنجامی چالاكییان لە هەرێمی كوردستان بەدەستیانهێناوە بە رێژەی 15% بەپێی یاسای باجی دەرامەت ژمارە 113 ساڵی 1982ی هەمواركراو.
-زانیاری و راپۆرتی كۆمپانیاكان بنەمای هەژماركردنی باجی كۆمپانیاكانە بۆیە هیچ باجێك ناكەوێتە ئەستۆی كۆمپانیا ئەگەر قازانجی نەكردبێت.
-كۆمپانیاكان لە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان بۆ ماوەی 10 ساڵ لە باج دەبەخشرێن لە رێككەوتی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری.
باجی دەرامەت: كەسانی ئاسایی لە قازانجی ساڵانەی پیشەكانیان بەپێی یاسای باجی دەرامەت ژمارە 113 ساڵی 1982ی هەمواركراو بە رێژەی هەڵكشاو كە بریتین لە رێژەی 3٪، 5٪، 10٪، 15٪) باج دەدەن دوای داشكاندنی سەرجەم لێخۆشبوونە یاساییەكان, سەرەرای ئەوەی ئەو پیشەوەرانەی یەك سەرچاوەی داهاتی سنوورداریان هەیە هیچ جۆرە باجێك نادەن وەك (سەرتاشخانە,نانەواخانە,شوێنی چاكردنەوەی مۆبایل, شوێنی فرۆشتنی پەلەوەر,هتد )، بۆ نموونە هەژماری باجی نانەوایەك كەخێزانداربێت بەڵام هیچ منداڵی نەبێت لە ساڵێك بەم جۆرەی خوارەوە دەكرێت:
6000000- 50%=3000000 داهاتی ساڵانە
3000000 -5900000 لێخۆشبوونی یاسایی= سفر( كەواتە هیچ باج نادات چونكە هیچ داهاتێكی بۆ نامێنێتەوە)
-نەخۆشخانە تایبەتەكان لە دوای پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری 3 دەبەخشرێن ئەگەر خاوەنی مۆڵەتی وەبەرهێنانیش بن بۆ ماوەی 10 ساڵ دەبەخشرێن.
-سەرجەم پرۆژەكانی وەبەرهێنان بۆ ماوەی 10 ساڵ دەبەخشرێن لە باج.
-باجدەرانی قەزا و ناحیەكان بەرێژەی 10 ٪ و 15 ٪ داشكاندنیان بۆ دەكرێت لە قازانجی ساڵانەیان.
-خاوەن پێداویستیی تایبەت بە رێژەی 15 ٪ داشكاندنیان بۆ دەكرێت لە قازانجی ساڵانەیان.
-بێوەژن یان بێوەپیاو یا تەڵاقدراو یان سەڵت (ارمل/ ارملە، مطلق/مطلقە ، اعزب/ باكرە)بە رێژەی(10%) داشكانیان بۆ دەكرێت لە قازانجی ساڵانەیان.
-ئەو كارگانەی بە یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازیی مۆڵەتیان وەرگرتووە بە رێژەی جیاجیا بۆ ماوەی 10 ساڵ لە باج دەبەخشرێن و بە رێژەی 100% لە باجی هاوردەی موادی سەرەتایی بۆ كارگەكەی دەبەخشرێت.
باجی گواستنەوەی موڵكایەتی: خاوەنی موڵك لە كاتی فرۆشتنی موڵك بەپێی یاسای ژمارە 26 ساڵی 2007 و یاسای ژمارە 20 ساڵی 2011 ی پەرلەمانی كوردستان باجی لێوەردەگیرێت دوای داشكاندنی رێژەی 50% لە نرخی خەمڵێندراوی موڵكەكە بە رێژەی 1٪ بۆ 100ملیۆنی یەكەم )و 2 ٪ بۆ 100 ملیۆنی دووەم و 3% بۆ 100 ملیۆنی سێیەم و 5 ٪ بۆ ئەو بڕەی سەرووی 300 ملیۆنە.
-هەموو خاوەن مولكێكی نیشتەجێبوون مافی هەیە هەر پێنج ساڵ جارێك لەباجی فرۆشتنی مولكەكەی داوای لێخۆشبوون بكات، لەیەك كاتدا ژن و مێرد و منداڵەكانیان دەتوانن لەم لێخۆشبوونە سوودمەند بن.
-رێژەی50% لە نرخی خەملێنراوی موڵك دەبەخشرێت و بڕی ماوە هەژماری باجی لەسەر دەكرێت.
-هەموو دایك و باوكێك و منداڵەكانیان دەتوانن موڵكەكانیان بە هیبە خاوەنداریاتیان بۆ یەكتر بگوازنەوە بەبێ ئەوەی هیچ باجێك بدەن.
-هەموو خاوەن زەوییەكی نیشتەجێبوون تا 800 مەتر دووجا مافی هەیە هەر پێنج ساڵ جارێك داوای لێخۆشبوونی باجی فرۆشتنی موڵكەكەی بكات.
باجی لێبڕینی راستەوخۆ: ئەم باجە لە مووچە و كرێی كارمەندانی كەرتی گشتی و تایبەت وەردەگیرێت بەپێی یاسای ژمارە 50 ساڵی 2011 ی پەرلەمانی كوردستان، بە رێژەی 5% لەو بڕەی لەسەرووی یەك ملیۆن دینارە.
-كارمەندان و فەرمانبەران لێخۆشبوونی پیشەكانیان بەجیا لە لێخۆشبوونی مووچەكانیان وەردەگرن كە بە هەردووكیان لە ساڵێكدا چواردە ملیۆن و پێنج سەد هەزارە لەكاتێكدا باجدەران لە سنووری حكومەتی فیدراڵیی عێراق یەكجار لێخۆشبوون وەردەگرن و بڕەكەشی 2500000بۆ ساڵێك.
باجی فرۆشراوەكان: ئەم باجە پاڵپشت بە یاسای بودجەی حكومەتی فیدراڵی لە سەرجەم هۆتێل و چێشتخانە و شوێنە گەشتیاریەكانی (4 ، 5) ئەستێرە وەردەگیرێت بە رێژەی 10%.
باجی خانووبەرە : ئەم باجە لە كۆی گشتی كرێی 12 مانگ بە رێژەی 9%وەردەگیرێت لە خاوەن موڵك بە پێی یاسای باجی خانووبەرە ژمارە 162ی ساڵی 1959ی هەمواركراو.
-هەموو خانوو و باڵەخانەیەك تا سێ تابق بۆ ماوەی 3 ساڵ لە باجی خانووبەرە دەبەخشرێت، بەڵام چوار تابق زیاتر بۆ ماوەی 7 ساڵ دەبەخشرێت.
-پرۆژەكانی وەبەرهێنان لە رۆژی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بۆ ماوەی 10 ساڵ دەبەخشرێن.
باجی زەوی بەتاڵ: خاوەنی زەویی بەتاڵ ساڵانە لە كۆی نرخی خەملێندراوی زەویەكەی رێژەی 2%ی وەك باج لێی وەردەگیرێت بەپێی یاسای زەوی بەتاڵ ژمارە 26 ی ساڵی 1962 ی هەمواركراو.
هەموو خاوەن زەوییەك تا رووبەری 600 مەتر دووجا مافی سوودمەندبوونی هەیە لە لێخۆشبوون لە باجی زەوییەكەی.
تێبینی:
بەپێی نووسراوی ئەنجومەنی وەزیران/ سەرۆكایەتیی دیوان ژمارە 3393 لە 23ی 7ی 2024 ئەم باجانەی خوارەوە راگیراون:
1. باجی فرۆشراوەكان كە بە رێژەی 10 ٪ لەسەر هۆتێل و چێشتخانەكانی خاوەن سێ ئەستێرە بەرەوسەر.
2. باجی نەخۆشخانە تایبەتەكان كە بە رێژەی 5% لە كۆی تێچوووی خزمەتگوزاریی پێشكەشكراو.
3. باجی سەر سەموونخانە و نانەواخانەكان.
4. باجی زەویی بەتاڵ.