ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز و سامانە سروشتییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی وتووە، هەردوو وەزارەتی پەیوەندیدار بە کاروباری نەوتی عێراق و هەرێم رێککەوتون بە دانانی لیژنەیەکی راوێژکاری بۆ پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمدا.
عەدنان جابری، ئەندامی لیژنەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لیژنەکە دەبێتە لایەنی سێهەم و کاری پێداچوونەوە دەبێت بەو گرێبەستە نەوتییانەی هەرێم ئەنجامی داون و دواتر رادەستی بەغدادیان دەکات.
عەدنان جابری جەختی لەوەشکردەوە، تورکیا ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جیهانەوە، بەڵام بنچینەی کێشەکە لە گرێبەستە نەوتییەکاندایە کە لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵییەوە نەکراون و هەر بۆیە تا ئێستا کێشەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم چارەسەر نەبووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەرێم دەیەوێت چارەسەری هەموو گرێبەستەکان بکات بە یەکجار، بەڵام حکومەتی عێراقی دەیەوێت هەر یەکێک لە گرێبەستەکان بە جیاجیا چارەسەر بکات، بەهۆی ئەوەی تێچووی دەرهێنانی نەوت دەگاتە 26 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک و ئەوەش ژمارەیەکی پێوانەییە لەکاتێکدا، لە کێڵگەکانی بەسڕە تێچووی دەرهێنانی نەوت دەگاتە تەنها 7 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
ئەندامەکەی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق باسی لەوەشکردووە، سەرەڕای ئەوەی گفتوگۆ و هەماهەنگی هەیە لەنێوان هەردوو حکومەتدا بۆ چارەسەرکردنی پرسەکە بەڵام هەندێک گرێبەستی نهێنی هەیە و کۆمپانیاکان نایانەوێت بۆ حکومەتی عێراقی ئاشکرابکەن.