دەستپاكیی كەركوك بانگێشتی دوو بەرپرسی شارەكە دەكات

شاری كەركوك

دەستەی دەستپاكیی فیدڕاڵی دەرچوونی فەرمانی داواكردن دەرهەق بە دوو بەرپرسی كەركوك ئاشكرادەكات بەهۆی ئەو سەرپێچییانەی لە یەكێك لە پرۆژەكانی وەبەرهێناندا ئەنجامدراوە لەگەڵ فرۆشتنی زەویی دەوڵەت.

فەرمانگەی لێكۆڵینەوەكانی دەستەكە رایگەیاند، دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی كەركوك فەرمانی داواكردنی دەرهەقە بە جێگری ئێستای پارێزگار دەركردووە. روونیشیكردەوە، دەرچوونی بڕیارەكە بەهۆی ئەو سەرپێچییانەوەیە كە لە پرسی دیاریكردن و فرۆشتنی زەویی دەوڵەت ئەنجامدراوە بەپێی ئەو لیژنەیە لە پارێزگا پێكهێنراوە.

دادوەر بەهەمان شێوە داوای بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی دەستەی وەبەرهێنانی پارێزگاكەی كردووە، لەپای ئەو سەرپێچییانەی لە پڕۆژەی هیوا (الأمل)ی نیشتەجێبووندا كراوە.

لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكە لەلایەن دەستەی دەستپاكی لە كەركوك ئەنجامدراوە.

هەردوو بڕیارەكە بەپێی ماددەی (331) لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (111ی ساڵی 1969) دەرچووە.

لە مادەی (331)دا هاتووە، سزادەدرێت بە بەندكردن یان پێبژاردن یان هەردوو سزاكە “هەر كارمەندێك یان راسپێردراوێك بە خزمەتێکی گشتی کە بە ئەنقەست پێشێلکاری لە کارەکەی ئەنجام بدات یان خۆی لە ئەنجامدانی یەکێک لە ئەرکەکانی بدزێتەوە بە مەبەستی زیانگەیاندن بە بەرژەوەندی یەکێک یان بە مەبەستی سوودگەیاندن بە کەسێک لەسەر حیسابی کەسێکی تر یان لەسەر حیسابی دەوڵەت”.

بابەتی پێشتر

(ڤیدیۆ) تۆتنهام بەرامبەر برێنتفۆرد یەکسانبوو

بابەتی دواتر

پزیشك و كارمەندانی نەخۆشخانەی هیوا پشوویان وەرنەگرت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share