گەنجێك لەكاتی مەلەكردندا لە گوندێكی سنووری ناحیەی وەرتێ خنكا و بەرگریی شارستانیی سۆران دەڵێت، لەمساڵدا 11 كەس بەوجۆرە بوونەتە قوربانی.
بەرێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران رایگەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ حاڵەتێکی خنکان لە بناری کارۆخ لە گوندی کەڵێتە-ی ناحیەی وەرتێ تۆمارکرا.
روونیشیكردەوە، گەنجێک بەناوی “هانا عەبدوڵا” تەمەن 23 ساڵ، دوای ئەوەی لە حەوزێکی گەورەی ئاودێری مەلەی کردووە، بەهۆی نەزانینی مەلەوە خنكاوە.
تەرمەکەی گەیەندرایە پزیشکی دادی سۆران و دواتر رادەستی کەسوکارەکەی کرا، بەرگریی شارستانی وادەڵێت.
ئاشكراشیكرد، ئەمساڵ ئەمە یازدەمین قوربانیی خنکانە لەنێو ئاو لە سنوری بەڕێوەبەرایەتییان تۆماردەکرێت.