بەرگریی شارستانیی هەولێر ئاماری رووداوەكانی خنكان و ئاگركەوتنەوە ئاشكرادەكات و باس لە هۆكاری زیادبوونی رووداوەكان دەكات.
موقەدەم شاخەوان سەعید، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا 9 حاڵەتی خنكان لە سنووری هەولێر روویانداوە.
وتیشی، “دواهەمین رووداو دوێنێ بوو كە كەسێكی لەدایكبووی ساڵی 1975 لە میانەی سەردانیدا بۆ ناوچەی شێخ توراب لەكاتی مەلەكردندا خنكاوە”.
موقەدەم شاخەوان ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و سەردانی گەشتیاران بۆ ئەو ناوچانەی ئاویان لێیە، رووداوەكان زیادیان كردووە.
روونیشیكردەوە، بەشێوەیەكی گشتی زۆرینەی ئەو كەسانەی لەكاتی مەلەكردندا خنكاون تەمەنیان لەنێوان (14 بۆ 25) ساڵاندایە.
سەبارەت بە رووداوەكانی ئاگركەوتنەوەش، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئاشكرایكرد، لەماوەی شەش مانگدا 971 حاڵەتی ئاگركەوتنەوە روویانداوە.
ئاماژەی بەوەشدا، لەو رووداوانە (230 حاڵەتیان سووتانی ماڵ، 137 سووتانی ئۆتۆمبێل، 295 پوش و پاوان و 39 حاڵەتی سووتانی گەنم و جۆ) بوون، كە ئەمەی دواییان زیانی بە دوو هەزار و 282 دۆنم زەوی چێنراو بە گەنم و 231 دۆنمی چێندراو بە جۆ گەیاندووە.