قوباد تاڵەبانی: جەختمان لەسەر پێویستیی پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق کردەوە

قوباد تاڵەبانی رایدەگەیەنێت، لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان خەجت لە پەلەکردن و دروستکردنی کۆدەنگی کرایەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە بەردەوامیی کۆبوونەوەکانی وەفدی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغداد، بە جیا لەگەڵ هەر یەک لە نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە و موسەنا سامەڕایی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم و موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی بونیادی عێراقی کۆبووینەوە.

وتیشی، جەختمان کردەوە لەسەر پێویستیی پەلەکردن لە دروستکردنی کۆدەنگیی نێوان لایەنە عێراقییەکان لە هەموو پێکهاتەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت لەسەر بنەمای خواستی هاوڵاتییان و بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداد.

ئاماژەی بەوەشکرد، دید و بەرنامەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانمان بۆ حکومەتی داهاتوو و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد روونکردەوە و ئامادەیی یەکێتیشمان دەربڕی بۆ هاوکاری و کارکردن لەگەڵ هەموو لایەنەکان بۆ ئەوەی هەرچی زووتر بگەینە رێککەوتنێکی تۆکمە بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق.

 

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share