جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و تاکە رکابەری دۆناڵد ترەمپ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی داهاتووی وڵاتەکە، هەڵوێستی خۆی لەبارەی رووداوەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ راگەیاند.
لە کاتی رووداوی تەقەکردن لە دۆناڵد ترەمپ لە کامپینی بانگەشەی هەڵبژاردن لە ویلایەتی پێنسلڤانیا، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە ماڵەکەی خۆی لە ویلایەتی دیلاوێر بوو بە مەبەستی بەسەربردنی پشووی کۆتایی هەفتە.
لەدوای بیستنی هەواڵەکە بایدن بە فڕۆکەیەکی تایبەت گەیشتەوە کۆشکی سپی و پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ترەمپ ئەنجامدا.
بایدن لە وتارێکی کورتدا لەبارەی رووداوەکەوە وتی، ئەوەی روویدا بەلای ئەمریکییەکانەوە قبووڵکراو نییە، ئەمریکا شوێنی ئەو جۆرە کردەوانە نییە، پێویستە هەموو لایەک سەرکۆنەی بکەن.