بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 12ی كانونی دووەم لە دەباشان پێشوازی لە جەیمس سۆرنتۆن، کونسوڵی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا کە دکتۆر سۆران جەمال تاھیر، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان و سەرکەوت محەمەد غەفور، لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئامادەیبوون، بیروبۆچوون ئاڵوگۆڕگرا لەبارەی پێشھات و دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئابوری و ئەمنییەکان، تیشکخرایە سەر لێکەوتە و دەرئەنجامی ڕوداوەکان و جەخت لە پەنابردن بۆ زمانی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لەنێوان ھێز و لایەنە سیاسییەکان کرایەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بە تایبەت لەنێوان ھێزە سیاسییە کوردی و عێراقییەکان-دا.
لەو ڕووەوە بافڵ تاڵەبانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغداد، دابینکردنی شایستە داراییەکانی ھەرێم، موچە و قوتی فەرمانبەران، بژاردەکانی یەکێتی خستەڕوو و جەختی لە ھەماھەنگی و ھاریکاریی ھەموولایەک کردەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن و دۆزینەوەی چارەسەرێک کە مافە دارایی و نەتەوەییەکانی کوردی تێداپارێزراوبێت و خەڵک نەکرێنە قوربانیی ململانێ سیاسییەکان.
هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕاشیگەیاند، “لای یەکێتی، باشترکردنی ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵک لەپێش ھەموو پرسەکانەوەیە و بۆئەوەش بەردەوام لەگفتوگۆداین لەگەڵ دۆستەکانمان تاوەکو ئەم پرسە بە ویستی ھەموولایەک یەکلابکەینەوە.”