ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی دابەشنەکردنی مووچەی وەزارەتی كارەبا رایدەگەیەنێت، دوو هەزار و 460 ناو لە لیستی كارەبا زیادەیە کە دەكاتە دوو ملیار و 866 ملیۆن زیادەی جیاوازیی مووچە.
سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ”لەنێوان فەرمانگەی بودجە و فەرمانگەی ژمێریاری، دوو هەزار و 460 ناو لە لیستی وەزارەتی کارەبا زیادەیە کە دەكاتە دوو ملیار و 866 ملیۆن دینار زیادەی جیاوازیی مووچە”.
لە بارەی هۆکارەکەیەوە ئاماژەی بەوەکرد، ”هۆكارەكەی پۆلیسی كارەبایە كە لەسەر وەزارەتی ناوخۆن و ناویشیان لەسەر وەزارەتی كارەبا هەیە كە لە مانگی 10ی ساڵی 2023ەوە داواكراوە ئەم كێشە چارەسەربكرێت”.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئێوارەی ئەمڕۆ، وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم خشتەی مووچەی بڵاوکردەوە کە تێیدا وەزارەتی کارەبا و سەرۆکایەتیی پەرلەمان لە خشتەی مووچەدا نەبوو و ئاماژەی بەوەشکرد بەهۆی پارەدارنەکردنیانەوە ناویان لە خشتەی مووچەکەدا نەبووە.